"نه‌وتى كوردستان هه‌رزانفرۆش ده‌كرێت"
هاوپه‌یمانى هیوا داواى ڕاده‌ستكردنى نه‌وت له‌هه‌رێم ده‌كات

کوردستان

19/01/2021‌ 3434 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوا لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕاگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه‌و په‌یامێكى به‌په‌له‌ش ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات، داواده‌كات، "پێویستە کابینەی نۆ چیتر لەسەر سیاسەتی هەڵەو کوشندەی نەوت وەک ڕابردوو بەردەوامنەبێت‌و بەخێرایی پێداچونەوە بکات بەمەلەفیی نەوتدا"، ده‌شڵێت:"نابێت نەوت‌و داهاتەکەی ببنه‌ هۆکاری بێموچەیی خەڵک، بەڵکو ده‌بێت ببێتە سەرچاوەی موچەو ژیان‌و بژێوی‌و خۆشگوزەرانیی  بۆ هاونیشتیمانیانمان".

له‌و ڕاگه‌یه‌نراوه‌دا كه‌ وێنه‌یه‌كى لاى شارپرێسه‌ هاتوه‌ ((بەپێویستی دەزانین دوبارە تەئکید لەپێشنیارێکی پێشومان بکەینەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لەڕادەستکردنیی نەوت بەسۆمۆ بەگوێرەی ئەو ڕێکەوتنەی کە حکومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند لەگەڵ حکومەتی عێراق کردویانە)).

له‌به‌شێكى دیكه‌ى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، "ئێستا لەهەموکات زیاتر لای خەڵکی کوردستان ڕون‌و ئاشکرایە کە نەوتی هەرێم هەرزانفرۆش دەکرێت‌و پڕە لەکێشەی بونیادی کە بونەتە گرفتی گەورە بۆ ئێستاو لەئایندەشدا دەبێتە کێشەی گەورەترو ئاڵۆسکاوتر بۆ هەرێم‌و خەڵکەکەی".

ده‌قى ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌:
وەک نوێنەرانی هاوپەیمانی هیوا لەلیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەسۆنگەی هەستکردنمان بەبەرپرسیارێتی ئەرکی نوێنەرایەتی سەرشانمان بەرامبەر خەڵکی کوردستان‌و موچەی فەرمانبەران‌و شایستە داراییەکانی تری شێوەی جوتیاران‌و پێشمەرگەو لەسۆنگەی هەستکردن‌و ئاگاداربون لەهەستیاری گفتوگۆکانی ناو ناوەندی سیاسی عێراق بەگشتی‌و لیژنەی دارایی بەتایبەتی، بەپێویستی دەزانین دوبارە تەئکید لەپێشنیارێکی پێشومان بکەینەوە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بریتییە لەڕادەستکردنیی نەوت بەسۆمۆ بەگوێرەی ئەو ڕێکەوتنەی کە حکومەتی هەرێم پێشتر ڕایگەیاند لەگەڵ حکومەتی عێراق کردویانە.

دوابەدوای ئاشکرابونی داتاکانی ناو ڕاپۆرتیی (دیلۆیت) ئێستا لەهەموکات زیاتر لای خەڵکی کوردستان ڕون‌و ئاشکرایە کە نەوتی هەرێم هەرزانفرۆش دەکرێت‌و پڕە لەکێشەی بونیادی کە بونەتە گرفتی گەورە بۆ ئێستاو لەئایندەشدا دەبێتە کێشەی گەورەترو ئاڵۆسکاوتر بۆ هەرێم‌و خەڵکەکەی، بۆیە پێویستە بەخێرایی ئەو مەلەفە بەڕیشەیی چارەسەربكرێ‌و حکومەتی هەرێم بەخێرایی لەگەڵ سۆمۆ بکەوێتە گفتوگۆ لەپێناو ڕادەستکردنی نەوت‌و نیشاندانی نیەتپاکیی سەرەتایی بۆ پابەندبون.

ئێمە وەک نوێنەرانیی هاوپەیمانی هیوا ڕایدەگەیەنین کە ئەگەر حکومەتی هەرێم هەنگاوێکی لەو شێوەیە بنێت، ئەوا پشتیوانیەکی گەورە لەئاستی نێودەوڵەتی‌و ناوپرۆسەی سیاسیی عێراق‌و گفتوگۆکانی ناو پەرلەمانیش بۆ تێپەڕاندنی موازەنەی ۲٠۲۱ بەدەستدەهێنێت، جیالەوەی ڕێدەگرێ لەبەرزبونەوەی ئەو گوتارە شەعبەویەی کە بەهۆی ڕێکنەکەوتنی نێوان هەردوو حکومەت لەبەغداو هەولێر کەسانێک هانی گوتاری ڕق‌و ناکۆکی دەدەن.

ئێمە داواکارین حکومەتی هەرێم خۆی لەلێدوان‌و ڕونکردنەوەی نابەرپرسیارانە بەدوربگرێ وەک دوا ڕونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سروشتیەکان، کە کۆمەک بەگفتوگۆکانی ناو لیژنەی دارایی‌و کۆی گفتوگۆکانی ڕێکەوتنی نێوان هەردوو حکومەت ناکاو پێویستە کابینەی نۆ چیتر لەسەر سیاسەتی هەڵەو کوشندەی نەوت وەک ڕابردوو بەردەوامنەبێت‌و بەخێرایی پێداچونەوە بکات بەمەلەفیی نەوتدا بەشێوەیەک نەوت‌و داهاتەکەی نەبێتە هۆکاری بێموچەیی خەڵک، بەڵکو ببێتە سەرچاوەی موچەو ژیان‌و بژێوی‌و خۆشگوزەرانیی  بۆ هاونیشتیمانیانمان.

ئەحمەد حاجی رەشید
جەمال کۆچەر
هۆشیار عەبدوڵا
بەغدا
۱۹ی جانیوەری ۲٠۲۱