سەعیدی ئەحمەد پیرە: پڕۆژەی لامەرکەزی پەیوەندی بەکێشەکانى هەرێم و بەغداوە نییە

کوردستان

19/01/2021‌ 668 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامێکى مەکتبى سیاسى یەکێتى رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی لامەرکەزی پەیوەی بەکێشەکانى هەرێم و بەغداوە نییە.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامێکى مەکتبى سیاسى یەکێتى لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ شارپرێس رایگەیاند، ئەوانەى لە سیبەرى خۆشى دەترسن دەیانەوێت پڕۆژەى لامەرکەزی بەلاڕێدا بەرن، دەنا ئەگەر حکومەت بەجدى وەربگرێت پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان  و ئەوانەى لەگەڵ ئەو پرۆژەیەن بکات بۆ جێبەجێکردنى ئەو پڕۆژەیە".

ئاماژەى بەوەشکرد، هیچ بەربەستێک لەبەردەم بەلاڕێدابردنى پڕۆژەى لامەرکەزیدا نییە ئەگەر هەشبوو کە سەرۆکى حکومەت چاودێرە بەسەر حکومەتەوە پێویستە نەهێڵێت ئەو پرۆژەیە بەلارێدا بڕوات.

سەعدی پیرە روونیشیدەکاتەوە بەشۆڕکردنەوەى دەسەڵات بەشێوەى کرداری بۆ پارێزگاکان کارى حکومەت و ئەرکى سەرشانى بەرپرسانى حکومەت ئاسان دەکات.

ئەندامەکەى مەکتەبی سیاسى یەکێتی وتیشى"بۆ ئیمە پڕۆژەکە زوو جێبەجێ بکرێت کارێکى باشە، بەڵام ئەگەر دوا بکەوێت ئەوا مانای ئەوە نییە شەڕ روو دەدات، بۆیە پێویستە گفتوگۆی چڕی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەى هەمووان بەیەکەوە بەقەناعەتەوە جێبەجێ بکرێت".

ناوبراو جەختیشیکردەوە، ئەم پڕۆژەیە هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەکانى هەرێم و بەغداوە نییە، قەیرانەکە سەرچاوەکەی هەر شتێک بێت دەبێت لە سەدەى ٢١ دا بژێوی بۆ هاوڵاتیان دابین بکرێت.

سەعدی پیرە ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەى لامەرکەزی لەبەرنامەى کارى نۆ هەیە، ئەگەر پرۆژەیە سەرکەوتوو بێت ئەوا حکومەت سەرکەوتوو دەبێت، پرۆژەکەش بۆ دوو ئیدارەیی نییە، چونکە پڕۆژەکە تەنیا بۆ سلێمانى نییە، بەڵکو بۆ هەموو پارێزگاکانی هەرێم.

س.هـ