گۆڕان: پێویستە بە زوترین کات کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن

کوردستان

19/01/2021‌ 905 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شاندێكی باڵای بزوتنەوەى گۆڕان و کونسوڵى ئەمەریکا لە هەولێر كۆبوونه‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ رێککەوتنى هەرێم و بەغدا گفتوگۆیان كرد و گۆڕان رایگه‌یاند، پێویستە بە زوترین کات کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە رۆب وۆڵەر کونسوڵی ئەمەریکا لە هەولێر، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد لە شاری سلێمانی و لەلایەن عومەر سەید عەلی، رێکخەرى گشتى بزوتنەوەى گۆڕان و ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان پێشوازی لێکرا.

لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆکرا سەبارەت بە دۆخی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و  پەیوەندییەکانی هەردو حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی و دۆخ و گوزەرانی هاوڵاتیان.

شوناس شێرکۆ جدی، ئەندامی ژوری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بە دیجیتاڵ میدیاى گۆڕانی راگەیاند: "لە کۆبونەوەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان جەختی کردوە کە پێویستە بە زوترین کات کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی کێشەی بودجە و موچە، چونکە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە دۆخ و گوزەرانێکی خراپدان، هەروەها جەختکرایەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان بەپێی دەستور".