بەهای دینار گۆڕانکاریی بەسەردادێت

عیراق

24/01/2021‌ 3619 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئابوریناسێکی عێراقی پێشبینیدەکات گۆڕانکاری بەسەر ئەو نرخەی ئێستای دیناری عێراقیدا بێت، بەشێوەیەک لەبازاڕو مامەڵە ناوخۆییەکاندا بەهای  ١٠٠ دۆلاری ئەمەریکی ١٥٠ هەزار دیناری عێراقی تێپەڕێنێت.

بەگوێرەی پێگەی "IQ News"، عەلی خەلیل ئابوریناسی عێراقی ڕایگەیاندوە، دوای چاودێرییەکی وردی جوڵەی بازاڕی دراو لەعێراق، پێنوێنە ئابورییەکان ئەوە دەردەخەن کە لەبازاڕو مامەڵە ناوخۆییەکاندا نرخی گۆڕینەوەی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی ١٥٠ هەزار دیناری عێراقی تێدەپەڕێنێت.

ئه‌وه‌شى ڕونکردۆتەوە، حکومەت‌و لیژنەی دارایی‌و پەڕلەمان لەسەر ئەوە ڕێککەوتون کە نرخی هەر دۆلارێکی ئەمەریکی ١٤٥٠ دیناربێت، واتە ئەو نرخەی بانکی ناوەندی پشتی پێدەبەستێت.

خەلیل ئه‌وه‌شى وت:"ڕێککەوتنی حکومەت‌و لیژنەی دارایی لەسەر ئەو نرخەی بانکی ناوەندی، وادەکات هەر ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بۆ ١٥٠ هەزار دینار بەرزبێتەوە".

لە١٩ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، بانکی ناوەندی عێراق نرخی نوێی دیناری بەرامبەر بەدۆلار دیاریکرد، بەشێوەیەک یەک دۆلاری ئەمریکی بۆ وەزارەتی دارایی بە ١٤٥٠ دینارو نرخی یەک دۆلار بۆ بانک‌و نوسینگەکانی مامەڵەکردنی دراو بە١٤٦٠ دینارو بۆ هاوڵاتیانیش بە١٤٧٠ دینار دەبێت.

حکومەتی عێراقیش ڕایگەیاندوە، لەپێناو پڕکردنەوەی بەشێک لەکورتهێنانی بودجەو چارەسەرکردنی قەیرانی دارایی، بەناچاری پەنای بۆ دابەزاندنی بەهای دینار بردوە، هەروەک بەڵێنیداوە ڕێگە نەدات دابەزاندنی بەهای دینار کاریگەی بکاتەسەر هاوڵاتیان‌و ڕێگە لەبەرزبونەوەی نرخەکانیش بگرێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی