شارپرێس:
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "زە سەن"ی بەریتانی، لێکۆڵینەوەیەکی نوێ کە لەبڵاوکراوەی زانستیی PLOS Medicine دا بڵاوکراوەتەوە، ئاشکرایکردوە، خواردنی تەنیا سێ هێلکە لەهەفتەیەکدا، ئەگەری گیانلەدەستدانی گەنجان زیاتر دەکات.
لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، زەردێنەی هێلکە بڕێکی زۆر کۆلیسترۆڵو چەوری تێدایە کە دەبنە هۆی گەشەکردنی شێرپەنجەو دروستبونی نۆرەدڵیو سەکتەی مێشک.
ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە دەڵێن، ئەوانەی ڕۆژانە ٣٠٠ گرام کۆلیسترۆڵیان بەکاربردوە کە دەکاتە هەفتانە نزیکەی سێ هێلکە، ئەوە بەڕێژەی لەسەدا ١٩ زیاتر ئەگەری گیانلەدەستدانیان هەیە.
لەوبارەیەوە پرۆفیسۆر یو زانگ، سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکەو مامۆستا لەزانکۆی چجیانگی چینی وتویەتی:"ئەو لێکۆڵینەوەیە خواردنی هێلکەی بەستۆتەوە بەتوشبون بەنەخۆشییەکانی دڵو مردن بەهۆی توشبون بەشێرپەنجەوە".
هەروەک وتویەتی:"بەرزبونەوەی تێکڕای گیانلەدەستدان بەهۆی خواردنی هێلکەوە، بەشێوەیەکی گەورە پەیوەستە بەکاریگەرییەکانی کۆلیسترۆڵەوە.
بۆئەو مەبەستە پسپۆڕانی تەندروستیی هانی خەڵک دەدەن کە تەنها سپێنەی هێلکە بخۆن، بەوپێیهى دەرکەوتوە کە ئەوانەی بڕێکی زۆر هێلکە بەکاردەبەن زیاتر ئەگەری توشبون بەچەند نەخۆشییەکی تری وەک نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەو نەخۆشیی زەهایمەرو شەکرەشیان هەیە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی