ئه‌شكه‌وتێكى كوردستان ته‌مه‌نى 65 ملیۆن ساڵه‌و گەورەترین ئەشکەوتیشه‌ له‌ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

هەمەڕەنگ

22/02/2021‌ 1996 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەشکەوتی "قۆڕی قەڵا" لەنزیک شاری ڕوانسەری سەر بەپارێزگای کرماشان، بەگەورەترین ئەشکەوتی ئاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەژماردەکرێت‌و مێژوەکەی بۆ ٦٥ ملیۆن ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی، ئەشکەوتی قۆری قەڵا کە لەدامێنی چیای شاهۆ هەڵکەوتوە، درێژییەکەی ١٢ کیلۆمەترو قوڵاییەکەی ٣ هەزارو ١٤٠ مەترەو لەئێستادا وەک یەکێک لەحەوت شوێنەواریی سروشتیی ئێران هەژمارکراوە.

بەهۆی ئەوەی ئەشکەوتەکە چەندین دیاردەی زەویناسیی سەرنجڕاکێشی تێدایە، بۆیە بۆتە شوێنی ژیانی جۆرێکی ناوازە لەشەمشەمەکوێرەی وەک شەمشەمەکوێرەی گۆشی‌و سەمەندەری زەرد، بەڵام لەدەیەکانی ڕابردوداو بەهۆی سەردانی گەشتیاران‌و نەپاراستنییەوە ڕێژەیان کەمبوەتەوە.

ئەشکەوتەکانی دەڤەری قۆڕی قەڵا بەپێی خوێندنەوەی شوێنەوارناسان لەنێوان بە ٥٠ هەزار ساڵ بۆ ١٢ هەزار ساڵ لەمەوبەر جێگای ژیان‌و مانەوەی ڕاوچیانی چاخی بەردین بوە.

ئەشکەوتی قۆڕی قەڵا دوو بەشی سەرەکیی هەیە کە سەرەنجی گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە، بەشی یەکەم ٥٠٠ مەتر درێژایی هەیە، بەستێنی پێکهێنانی دوو تەلاری بەناوبانگی لەئەشكەوتەکەدا بەناوەکانی تەلاری مریەم‌و کەوهانی حوشتری پێکهێناوەو بەشی دوەمی ئەشكەوتەکەش بەهەزار مەتر درێژایی بریتیە لەتەلارەکانی بوک، بتهۆڤن‌و نویژ.

دوای پەڕینەوە لەدوو بەشی سەرەتایی ئه‌شكەوتی قۆڕی قەڵا واتا سێ هەزار مەتر دورتر لەدەروازەی چونە ژورەوە، تاڤگەگەلێک هەیە کە دیمەنێکی ناوازەیان دروستکردوە، بەشێوەیەک بەرزایی ئەو تاڤگانە لەنێوان  ١٠ بۆ ١٢ مەتردایە.

خاڵی گرنگ لەسەر بەشە ئاوییەکانی ئەشكەوتی قۆڕی قەڵا ئەوەیە کە بەشێکی گەورە لەئەو بەشانە نەخراوەتە بەرچاوی گەشتیارانەوەو خەڵکی ئاسایی ناتوانن بەشە سەیرو سەمەرەکانی ئەو ئەشکەوتە ببینن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

 

دۆزینەوەی ئاسەواری سەردەمی ساسانی لەئەشكەوتی قۆری قەڵا

تەلاری کۆهانی حوشتر بەرهەمی دەستی هونەرمەندی سروشتە