شارپرێس:
بەگوێرەی رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"ی ئهمریكی، کۆمپانیای جەنەراڵ مۆتۆرز پەردەی لەسەر ئۆتۆمبێلی "هامەر ئێس یو ڤی" تەواو کارەبایی لاداوە کە وابڕیارە ساڵی 2023 بەنرخی 110 هەزار دۆلار لەبازاڕەکاندا بەردەستبێت.
ڕۆژنامە ئهمریكییەکە باسی لەوەکردووە، ئۆتۆمبێلی بەناوبانگی هامەر ئەمجارە بەڤێرژنێکی تەواو کارەبایی گەڕاوەتەوە، بەڵام شێوە سندووقییە سەربازییەکەی بۆ پیکئەپێکی گرانبەها گۆڕیوە، بەشێوەیەک کۆمپانیا ئهمریكییەکە بۆ راکێشانی عاشقانی ئۆتۆمبێلە پیک ئەپەکان گرەوی لەسەردەکات.
لەوبارەیەوە دنکان ئەلدرید جێگری سەرۆکی جێبەجێکردنی کۆمپانیای "جی ئێم سی" لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، ئۆتۆمبێلی هامەری کارەبایی، پیک ئەپێکی کارەبایی زەبەلاحو بەهێزدەبێت.
ئۆتۆمبێلی "هامەر ئێس یو ڤی" بەیەکجار بارگاویکردنەوە دەتوانێت لەنێوان 250 بۆ 300 میل ببڕێت (483 کیلۆمەتر) ببڕێت، هەروەک دەتوانێت لەماوەی 3.5 چرکەدا لەسفرەوە خێراییەکەی بگەیەنێتە 100 کیلۆمەتر لەکاتژمێرێکدا، هەرچی هێزی بزوێنەرە کارەباییەکەیەتی ئەوە دەگاتە 830 ئەسپ.
باس لەوەشکراوە، نرخی ئۆتۆمبێلەکە بەپێی مۆدێلو تایبەتمەندیو قەبارەی پاترییەکەی لەنێوان 80 بۆ 110 هەزار دۆلار دەبێت، بۆئەوەش جەنەراڵ مۆتۆڕز لەسەر پێگەی خۆى دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ کڕینی ئۆتۆمبێلەکەی کردۆتەوە.
ئۆتۆمبێلەکە بەوە جیادەکرێتەوە کە تایبەتمەندی "دۆخی قرژاڵ"ی هەیە کەبەپێی ئەوە دەتوانێت لەیەک کاتدا هەرچوار تایەکانی بسووڕێنێتەوە، جگەلەوەی سیستەمی لێخوڕینی ئۆتۆماتیکیشی هەیە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی