شارپرێس:
گۆڤاری "ماندنیز"ی هەنگاریی لەڕاپۆرتێکدا سەبارەت بەهەڵکشانی ئاستی گرژییەکانی نێوان ئێرانو ئیسرائیل بەهۆی زیادبوونی ئاستی چالاکیی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێران، ڕایگەیاندووە، ئەگەری ڕوودانی جەنگێکی ناوەکیی لەنێوان ئەو دوو وڵاتە گریمانەیەکی کراوەیە.
گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئێران لەچوارچێوەی پڕۆژەی "هیلالی شیعی"و بەپشتبەستن بەمیلیشیاو دارودەستەکانی، هەژموونو باڵادەستی خۆی لەناوچەکەدا فراوانکردووە، بۆئەوەش سوودی لەو بۆشاییە وەرگرتووە کە بەهۆی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەعێراق لەسەردەمی ئیدارەی ئۆباما درووستبوو.
گۆڤارەکە لەشیکردنەوەکەیدا بەناونیشانی "هیلالی شیعیو قەیرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" سەبارەت بەسیاسەتی فراوانخوازی تاران لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو بەکارهێنانی سوریا وەک بەرەیەکی جەنگ لەدژی ئیسرائیل، پشتی بەتێڕوانینی دکتۆر ڕەزا پەرچیزادە بەستووە.
بۆ ئەو مەبەستە گۆڤارەکە باسی لەوەکردووە، ئێران جەنگی سوریای قۆستۆتەوە بۆئەوەی لەسنووری ئیسرائیل نزیکبێتەوە، بەشێوەیەک لەماوەی 10 ساڵی جەنگی سوریادا، چەندینجار لەبەرزاییەکانی جۆلانەوە هێرشیکردۆتەسەر ئیسرائیل.
لەبابەتەکەدا هاتووە، بەدرێژایی ئەو ماوەیە ئیسرائیل بوونی سەربازیی ئێرانی لەنزیک سنوورەکانی بەمەترسیی لەسەر بوونی خۆی هەژمارکردووە، بۆئەوەش لەبەهاری ساڵی 2018 ئەڤیگدۆر لیبەرمانی وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشداریدایە سورییەکان لەوەی بونی ئێرانییەکان نەوەک هەر ناتوانێت خزمەتی بەرژەوەندییەکانی سوریا بکات، بەڵکو دەبێتە هۆی ماڵوێرانییو سەرئێشە بۆیان.
لەلایەکی تریشەوە، گۆڤارە هەنگارییەکە باسی لەوەکردووە، بەلەبەرچاوگرتنی زیادبوونی هێرش بۆسەر دامەزراوە ناوەکییەکانی یەکتر، مەترسیی سەرهەڵدانی جەنگی ناوەکیی لەنێوان ئەو دوو وڵاتەدا هەیە.
لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ئیسرائیل لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2018 نزیکەی 200 جار هێرشیکردۆتەسەر پێگە سەربازییەکانی ئێران لەسوریا، هەروەک لەساڵی ڕابردووشدا 50جار هێرشیکردۆتەسەر پێگە ئێرانییەکان.
هەرچی ئێرانییەکانن نکوڵی لەبوونی سەربازیی خۆیان لەسوریا ناکەن، بەڵکو لەساڵی 2018 بەفەرمی دانیان بەوەدانا کە لەماوەی حهوت ساڵی دەستتێوەرانیان لەجەنگی سوریا نزیکەی دوو ههزارو 100 سەربازیان کوژراوە.
لەپاڵ کوژرانی سەربازەکانیان، ژمارەیەکی زۆر لەگەورە فەرماندەکانی سەر بەفەیلەقی قودسی سوپای پاسدرانی ئێران کوژراون، بۆنمونە ساڵی 2012 ئێران ئیسرائیلی تۆمەتبارکرد بەکوشتنی عەمید حەسەن شاتری لەسەر ڕێگای دیمەشق بەیروت.
لەمدواییەش موشەکێک لەسوریاوە ئاراستەی ناو خاکی ئیسرائیل کراو لەنزیک پێگەی ناوەکیی "دیمونا" کەوتە خوارەوە، ئەمەش بەلای ئیسرائیلییەکانەوە وەک جۆرێک لەزەنگی ئاگادارکردنەوە بوو، بەوپێیەی سیستەمی بەرگری ئاسمانیی "گومەزی ئاسنین"ی ئەو وڵاتە نەیتوانی لەئاسماندا تێکی بشکێنێت.
گۆڤاری ماندنیز ئەوەشی وتووە، زۆرینەی ئیسرائیلییەکان پێیانوایە، ئێران لەپشت هێرشە مووشەکییەکەوە بووە بۆسەر ئیسرائیل، لەبەرئەوەی بەرپرسە ئێرانییەکان پێشتر بەڵێنیاندابوو کە تۆڵەی کارە تێکدەرانەکەی وێستگەی ناوەکیی نەتەنز بکەنەوە.
لەکۆتایی ڕاپۆرتەکەی گۆڤارە هەنگارییەکەدا هاتووه، "ئەگەر ئەو دوو وڵاتە بەردەوامبن لەو هێرشە یەک لەدواى یەکانە بۆسەر دامەزراوە ناوەکییەکانی یەکتر، ئەوە گریمانەی ئەوە هەیە هەریەک لەئێرانو سوریاو ئیسرائیل بکەونە ناو جەنگێکی ڕاستەوخۆو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕووبەڕووی جەنگێکی ناوەکیی بکەنەوە.
و: ئاکۆ ئاڵی