زانیاریی مەترسیدار لەبارەی گەندەڵی لەهەرێمی كوردستان بڵاودەكرێتەوە

کوردستان

29/05/2021‌ 2049 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

European Views ڕاپۆرتێكی وردی لەسەر دەستپێشخەریەكەی د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بڵاوكردۆتەوەو ڕایگەیاندوە، "تەنها یەك ڕۆژ دوای دەستپێشخەریەكەی سەرۆك كۆمار، نەتەوە یەكگرتووەكان‌و نێردەی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق پرۆگرامێكیان بەبەهای 15 ملیۆن یۆرۆ ڕاگەیاند"، جەختیشیكردۆتەوە، "دیاردەی تەشەنەكردنی گەندەڵی لەسەرجەم جومگەكانی هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان لەسنور دەرچووە".


دوای ئەوەی لەهەفتەی ڕابردوو دەستپێشخەری پڕۆژەیاسایەكی تازەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی خستەبەردەست پەرلەمانی عێراق، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بووە مانشێتی ڕۆژنامە جیهانییەكان، هۆكارەكەش هەر تەنها خستنەڕووی یاساكە نییە، بەڵكو نهێنی ئاشكراكردنی 150 ملیار دۆلاری پارەی دزراوی نەوتی عێراقە - لە ساڵی 2003 وە تاوەكو ئێستا- كە سەرۆك كۆمار پەردەی لەسەر هەڵماڵی.

بەرهەم ساڵح ئەو دەرفەتەشی قۆزتەوەو دوبارە بانگەشەی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی بەگوێ جیهان دادا، بۆیە هێندەی نەبردو تەنها لەدوای یەك ڕۆژ لەدەستپێشخەریەكەی سەرۆك كۆمار، نەتەوەیەكگرتووەكان‌و نێردەی یەكێتی ئەوروپا لەعێراق پرۆگرامێكیان بەبەهای 15 ملیۆن یۆرۆ ڕاگەیاند بەئامانجی سنورداركردنی گەندەڵی‌و دزینی ماڵی دەوڵەت‌و برەودان بەشەفافیەت لەكەرتی گشتی دەوڵەتی عێراقدا.

ئەوەش ڕونكراوەتەوە، لەوانەیە ئەم دوو هەوڵە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بەڕێكەوت یەكانگیربووبن، بەڵام دیاردەی تەشەنەكردنی گەندەڵی لەسەرجەم جومگەكانی هەردوو حكومەتی عێراق‌و هەرێمی كوردستان لەسنور دەرچووە، بۆیە نەتەوەیەكگرتووەكان‌و یەكێتی ئەوروپاش زەنگی وریاكردنەوەیان بۆ لێداوە؛ چونكە ئەو حكومەتانەی مامەڵە لەگەڵ ئەوروپاو نەتەوەیەكگرتووەكاندا دەكەن، ئەركی خزمەتكردنی هاوڵاتییەكانیان دەكەوێتە ئەستۆ، ئەو حكومەتانە لەكاتی بڵاوبوونەوەو تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستەوەستان بوون لەپاڵپشتیكردنی كەرتی تەندروستی، ناڕەزاییە جەماورەییەكانی دژ بەگەندەڵییان بەتوندی سەركوتكرد، ئەوان بەرپرسن لەڕێگریكردن لەو كۆمپانیا ئەوروپییانەی لەبازاڕەكانی عێراقدا وەبەرهێنانیان دەكرد، هەر ئەوان بوون بەتۆمەتی سیخوڕیكردن بۆ هێزە بیانییەكان، ئەو ڕۆژنامەنووسانەیان دەستگیركردن كە دیداریان لەگەڵ دبلۆماتە ئەوروپییەكاندا سازكردووە.

هەڵكشانی ناڕەزاییە جەماورەییەكان دژ بەكوشتنی چالاكوانانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەعێراقدا، پەیامێكی ڕوونی شەقامی ناڕازییە بەوەی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی زۆر زیاتر لە 15 ملیار یۆری پێویستەو كۆششی زیاتری دەوێت، چونكە خودی بەرپرسانی حكومی لەعێراقدا سەرە گەورەكەی گەندەڵین.

دێوەزمەی گەندەڵی لەعێراقدا
لەو 20 ساڵەی دەسەڵاتدارە دەستەبژێرەكانی ئێستای عێراق هاتوونە سەر كار، گەندەڵی هێزو تواناو بڕستی لەدەوڵەتی عێراق بڕیوە، بەرپرسە باڵاكانی حكومەتی عێراق لەو پرسەوە گلاون‌و پرسەكە هەموو جومگەكانی حوكمڕانی گرتۆتەوە، بەگوێرەی پێودانگەكانی ڕێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی بۆ ساڵی 2020، عێراق لەلیستی دەوڵەتانی عەرەبیدا پلەی بیستەمینی گرتووە لەبەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیداو لەخوارەوەی لیستەكەیە، عێراقییەكان ناچاركراون لەپێناو دەستكەوتنی هەلی كارو خزمەتگوزاری تەندروستی بەرتیل بدەن، ئەمەش سیتسەمی تەندروستی بەرەو داڕمان بردووە.

سەرۆك كۆمار بەرهەم ساڵح بەتاڵانبردنی ملیارەها دۆلاری لەداهاتەكانی نەوت لەعێراق ئاشكراكرد، عێراقیش بەڕێژەی 60% پشت بەداهاتەكانی نەوت دەبەستێت، بۆیە گەندەڵی لەنەوتدا سەرجەم سێكتەرەكانی ئابووری وڵاتی ئیفلیج كردووە، لەكاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنادا نرخی نەوت دابەزی، ئابووری عێراق بەڕێژەی 10.4% دابەزینی بەخۆوە بینی، ئەمەش ئاستی گەندەڵی بەرزتر كردەوە، بەڵگەش لێكۆڵینەوەو بەدواچوونەكانی كۆمپانیای Deloitte لەهەرێمی كوردستان كە ئاشكرایكردووە لەشەش مانگی یەكەمی ساڵی 2020  تەنها 29%ی داهاتەكانی نەوت گەڕاوەتەوە ناو گەنجینەی گشتی هەرێمی كوردستان.

لەمانگی ئیپڕیلی ئەمساڵدا لەعێراق بەهۆی گەندەڵی‌و قازانجی نامەشروعەوە خەڵكانێكی بێتاوان بوونە قوربانی، ئاگركەوتنەوەی نەخۆشخانەی خەتیب لەبەغدا بووە هۆی كوژرانی نزیكەی 80 كەس‌و برینداربوونی 110 كەسی دیكە، سەرۆك كۆماری عێراق ئۆباڵی ئەو كارەساتەی دایەپاڵ خراپ بەڕێوەبردنی دامەزراوەی چاودێری تەندروستی، دواتر وەزیری تەندروستی دەستی لەكاركێشایەوەو چەند بەرپرسێكی دیكەی ئەو سیكتەرەش لەكارەكانیان دوورخرانەوە، ئەم ڕێوشوێنانەی بەرنگاربوونەوەی گەندەڵی تاڕادەیەك ئومێدبەخش بوون، بەڵام شكستی حكومەت لەوەستاندنی كوشتنی چالاكوانانی دژە گەندەڵی دوای چەند هەفتەیەك لەو كارەساتە.

ئەوەشی باسكردوە، پرسی لێپرسینەوەی گەندەڵی خستەژێر پرسیارەوەو بێئومێدییەكی گەورەی دروستكرد، دوای كوژرانی ئیهاب وەزنی چالاكوان لەسەرەتای مانگی مایۆ لەكەربەلا، چالاكوانێكی دیكەش بەناوی هیشام مەشهەدانی كوژرا، ئەمەش دوای ئەوەی مەشهەدانی ڕایگەیاندبوو، بەشداری هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئایندە دەكات، بەمەش ژمارەی كوژرانی چالاكوانان لەساڵی 2019وە تائێستا گەیشتۆتە 35 كوژراو.

لەئێستاشدا هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەگولە ڕووبەڕووی خۆپیشاندەرانی شەقام دەبنەوە، لەهەفتەی پێشوو لەبەغدا خۆپێشاندەرێك كوژراو 10 دیكەش برینداربوون.

بەرژەوەندی ئەوروپییەكان كەوتۆتە مەترسییەوە
تەنها عێراقییەكان قوربانی گەندەڵی نین، بەڵكو گەندەڵی بۆتە سەرچاوەی دڵەڕاوكێیەكی مەترسیدار بۆ هەر كۆمپانیاو وەبەرهێنێكی ئەوروپی كە هێشتا بوێری ئەوەی مابێت لەبازاڕەكانی عێراقدا كاربكات. هەردوو كۆمپانیای Agility كوێتی بۆ خزمەتگوزارییە لۆجستییەكان‌و Orangeی فەڕەنسی بۆ پەیوەندییەكان لەدیارترین قوربانی گەندەڵین لەعێراقدا، هەردوو كۆمپانیاكە لەساڵی 2011وە بەبڕی 810 ملیۆن دۆلار پشكی 44%ی كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆمیان كڕیوە.

سەرەتا وادەركەوت كە سەوداو مامەڵە سەركەوتنێكە بۆ ئەوانەی وەبەرهێنان لەئابووری عێراقدا دەكەن، بەڵام دواتر دەستەی ڕێكخستنی پەیوەندییەكانی عێراق CMC تەنها دوای دووساڵ‌و بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو ئەو ڕێككەوتننامەی هەڵوەشاندەوە بەو پاساوەی ڕێككەوتنەكە پابەندی ئامانجەكانی وەبەرهێنان نەبووە، دەرئەنجام سامان‌و موڵك‌و ماڵی كۆمپانیاكانی وەبەرهێناندا دەستیان بەسەردا گیرا.

لەمەشەوە كۆمپانیای Agility لەساڵی2017 لەسەنتەری نێودەوڵەتی یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی وەبەرهێنانی سەر بەبانكی نێودەوڵەتی  ICSIDسكاڵایەكی دژی حكومەتی عێراق تۆماركرد، كۆمپانیاكە بانگەشەی ئەوەی كرد سیروان بارزانی كە خاوەن پشكی هەرە گەورە لەكۆمپانیای كوڕەك تیلیكۆم – كە سەركردەیەكی سەربازی ملیۆنێرەو كەسایەتییەكی دیاری بنەماڵەی بارزانییەكانە، ئەو پلانەی ڕێكخستووە، سەرباری ئەو بەڵگانەی كۆمپانیای سكاڵاكار پێشكەشیكردن بۆ سەلماندنی تۆمەتەكانی، لیژنەی ICSID كە لەهەرسێ پارێزەر (كاڤیندەر بۆڵ، جۆن بیتشی، شۆن مۆڕفی) پێكهاتبوو، سەركەوتوو نەبوون لەسەلماندی ڕاستی‌و دروستی ئەو بەڵگانەی ئاماژە بەوەدەكەن كە گەورە كارمەندانی دەستەی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی عێراق بەرتیلیان وەرگرتووە.

دەرئەنجام لەمانگی فبرایەری ڕابردوو دادبینییەكە لەبەرژەوەندی دەستەی ڕاگەیاندن‌و پەیوەندییەكانی عێراق كۆتاییهات، كۆمپانیای Agility  كوێتی-یش ناچاركرا بڕی 5.2 ملیۆن دۆلار وەك قەرەبووكردنەوەی دادگایی بدات، ئەم فەرمانەی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشەكانی وەبەرهێنان پێشینەیەكی مەترسیدارە بۆ كۆمپانیای Orangeی فەڕەنسی كە لەئێستادا كەیسەكەی خۆی بردۆتە بەردەم دەستەی نێوبژیوانی جیهانی، ئەم فەرمانەی سەنتەرە نێودەوڵەتی ناوبراو مایەی دڵەڕاوكێ‌و مەترسیشە بۆ هەموو وەبەرهێنێكی بیانی كە لەئێستاو ئایندەدا بەرژەوەندی لەگەڵ سیاسییە دەستڕۆیشتووە عێراقییەكاندا یەكنەگرێتەوە.

دەستبەسەرداگرتنی سامان‌و موڵك‌و ماڵی كۆمپانیای Orange تەنها ئاڵەنگاری بەردەمی یەكێتی ئەوروپا نییە لەمامەڵەكردنیان لەگەڵ دەستەبژێرە دەسەڵاتدارەكەی هەرێمی كوردستانی عێراق، ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لەو ماوانەی پێشوو باسی لەوەكردووە، چەند ڕۆژنامەنووسێك بەتۆمەتی سیخوریكردن بۆ وڵاتانی بیانی بەندكراون، بەوەی دیداریان لەگەڵ دبلۆماتكارە بیانییەكانی ناو عێراقدا سازداوە، دادگاییكردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە لەلایەن ڕێكخراوی هیومان ڕایتس ۆچ-ەوە وا وەسفكراوە كە پێشیلكاری مەترسیداری دەرهەق بەپێودانگەكانی دادگاییكردنێكی دادپەروەرانە لەخۆگرتووە، ئەمە جگەلەوەی لەئاستی باڵای سیاسیدا دەستتێوەردان كراوە، لەكاتێكدا وا دێتەبەرچاو كە پڕۆگرامە هاوبەشەكەی نەتەوەیەكگرتووەكان‌و یەكێتی ئەوروپا بۆ سنورداركردنی گەندەڵی‌و دزینی ماڵی دەوڵەت‌و برەودان بەشەفافیەت لەكەرتی گشتیی دەوڵەتی عێراقدا هەنگاوێكی ئومێدبەخش‌و ئیجابییە، بەڵام بێباكی بەرپرسانی عێراق لەبەرامبەر ئەوروپییەكان ئاماژەیە بۆ ئەوەی پێشدەستییەكەیان تەنها شتێكی ڕواڵەتییەو بەس.

لەلایەكی دیكەشەوە دوا پەرەسەندنەكانی ئەمدوایەی بەغدا بەلایەنی كەمەوە ئاماژەن بۆ هەندێك بەرەوپێشچوون؛ مانگی ڕابردوو دەستەی دەستپاكی عێراق فەرمانی دەستگیركردنی بۆ 58 بەرپرسی عێراقی دەركردووە كە تۆمەتبارن بەتێوەگلان لەگەندەڵی‌و دزینی ماڵی دەوڵەت، هەندێك لەئەندامانی ئەنجومەنی وەزیرانیش لەناو ئەو لیستەدا هەن.

ئەم هەفتەیەش یاسایەكی بەرفراوانی بەهێز بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی لەلایەن سەرۆك كۆمارەوە خرایەڕوو، لەولاشەوە دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیارێكی دەركردووە بەهەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانەی تۆمەتی گەندەڵیان بەسەردا ساغدەبێتەوە.

وێڕای ئەوەی لەسەرەوە باسكرا، پێویستە یەكێتی ئەوروپا پەی بەوە بەرێت كە گرنگترین ئەوكەسایەتییە عێراقییانەی بەهاوبەشی خۆیان دەزانێت لەبەگژداچوونەوەی گەندەڵیدا، لەپەرلەمانی ئایندەی عێراقدا بوونیان نابێت، ئەوان ناچارن لەئایندەدا بچنە ڕیزی خۆپێشاندەرانی ناڕازیی شەقامەوە.

سەرچاوە: European Views
وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر