لەبەر ئەم هۆکارە ڕاستەوخۆ دوای نانخواردن ددانەکانت مەشۆ

تەندروستی

05/06/2021‌ 578 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرچەندە پاککردنەوەی ددانەکان بەفڵچەو هەویری ددان زۆر گرنگە بۆ پاراستنی تەندرووستیی ددانەکان‌و ڕێگرتن لەکلۆربوونیان، بەڵام پزیشکێکی بەریتانی هۆشداریداوە لەوەی نابێت راستەوخۆ لەدوای نانخواردن ددانەکان بشۆردرێن.

لەوبارەیەوە دکتۆرە حەننا کینسیلا لەکلینیکی پزیشکی کیڵن لین دێنتاڵ بەڕۆژنامەی "ئێکسپرێس"ی بەریتانی وتووە، "بەشێکی زۆر لەخەڵک ڕاستەوخۆ دوای نانخواردن ددانەکانیان دەشۆن، لەبەرئەوەی پێیانوایە، دەبێت ددانەکانیان لەپاشماوەی خواردن پاکبکەنەوە، بەڵام ئەوە زیانەکانی لەسوودەکانی زۆرترە، لەبەرئەوەی ڕاستەوخۆ شوشتنی ددانەکان لەدوای نانخواردن واده‌کات مینای ددانەکان بڕوات".

مینا ئەو مادەیەیە کە ددانەکان دادەپۆشێت‌و چینێکی دەرەکیی وەک هێڵی یەکەمی بەرگری بۆ پاراستنی ددانەکان لەکلۆربوون دروستدەکات، بەوتەی کینسیلا، واباشترە دوای نانخواردن لانیکەم نیو کاتژمێر چاوەڕێ بکەین، ئینجا ددانەکانمان بەفڵچەو هەویر بشۆین، بەتایبەت دوای خواردنی خواردەمەنییە مزرەکان.

دکتۆرە کینسێلا ئەوەشی وتووە، ئەو خواردنانەی ترشی ستریکیان تێدایە، بۆماوەیەک مینای ددانەکان نەرم دەکەن، هەربۆیە شووشتنی ددانەکان لەدوای نانخواردن، وادەکەن ئەو چینە مینایەی ددانەکان لاوازبێت.

ئەو خانمە پزیشکە دەڵێت، "دواین هەڵە کە زۆرینەی خەڵک لەبارەی پاککردنەوەی ددانەکان دەیکەن ئەوەیە کە بەتوندی فڵچەکە لەددانەکانیان دەخشێنن، بەوپێیەی گوشارکردن لەددانەکان بابەتێکی مەترسیدارەو دەبێتە هۆی داخورانی مینای ددان‌و دواتر خۆشی ناتوانێت چاکی بکاتەوە".

و: ئاکۆ ئاڵی