شاندى هه‌رێم، به‌رده‌وامین له‌ جێبه‌جێكردنى بودجه‌

کوردستان

15/06/2021‌ 587 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دواى ڕاگه‌یاندنى ناردنى شایسته‌ داراییه‌كانى هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه‌، ئه‌ندامێكى شاندى دانوستانكارى كورد له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق ڕایگه‌یاند به‌رده‌وام ده‌بن له‌سه‌ر پابه‌ندیه‌كانى ترى یاساى بودجه‌.


خالید شوانى ئه‌ندامى شاندى دانوستانكارى كورد ڕایگه‌یاند، خۆشحاڵ بووین دوای رێکەوتن لەسەر یاسای بودجە وپاش هەوڵ و گفتوگۆکانی تیمی دانوسانی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی لەپێناو  جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاساکە وهەنگاونانی عەمەلی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی پابەندبونە یاساییەکانی ، ئەمڕۆ ئەنجومەنى وەزیران بڕیاریدا مانگانە بڕى ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت  لە٢٠٢١/١/١  هەژمار بکرێت. 

خالید شوانى ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو، هیواخوزن ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتایەک بۆ چارەسەر کردنی کۆی کێشەکان و مایەى خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان، و هەر لێرەوە ئەیانەوێت رایبگەیەنن کە تیمی هاوبەشی چاودێری دارایی فیدراڵی وهەرێم  دەستیان بەووردبینی لە داهاتە نانەوتیە فیدراڵییەکان کردوە لە ماوەیەکی نزیکدا راپۆرتی هاوبەشیان ئامادە ئەبێت ، بەردەوام ئەبن لەسەر جێبەجێکردنی پابەندییەکانی تری یاسای بودجە .

یاساى بودجه‌ نزیكه‌ى 75 رۆژ به‌سه‌ر په‌سه‌ندكردنیدا تێپه‌ڕ ده‌بێت تا ئێستا حكومه‌تى عێراق هیچ بڕه‌پاره‌یه‌كى بۆ هه‌رێم نه‌ناردوه‌.
ئ.ق