بۆچی ئەمریکا چاوپۆشی لەسەرەڕۆییەکانی تورکیا دەکات؟

مەلەفی تایبەت

01/07/2021‌ 2591 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕۆژنامەیەکی ڕوسی لەبابەتێکدا ئەو هۆکارانەی ئاشکراکردوە کە وا لەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات چاوپۆشیی لەپێشێلکاریی‌و سەرەڕۆییەکانی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا بکات‌و هەڵوێستی جددیان بەرامبەر وەرنەگرێت.


بابەتەکە لەلایەن گیڤۆرگ میرزایان لەڕۆژنامەی "ڤزگلیاد"ی ڕوسیدا بڵاوکراوەتەوەو تێیدا هاتووە، "ئەمریکا پێویستی بەتورکیایەکی بەهێز هەیە بۆئەوەی بەرەنگاری ئێران ببێتەوە، بەرەنگاربوونەوەش بەومانایە نا کە جەنگی لەگەڵدا بکات، بەڵکو بۆئەوەی لەڕێگای هاندانی کەڵکەڵەی تورکچێتی ئازەرەکانی ناو ئێران ئەو وڵاتە توشی شڵەژان‌و لەرزین بکات".

نوسەر دەڵێت:"ئێرانییەکان ئەو هەڕەشەیە بەهەند وەردەگرن، بەڵام لەبەرەنگاربوونەوەی تورکەکاندا پەلەناکەن، لەبەرئەوەی نایانەوێت دوژمنایەتیکردنی تورکیا سەربکێشێت بۆ جوڵاندنی هەستی جوداخوازی لای ئازەرە ئێرانییەکان".

لەبەشێکی تری بابەتەکەی ڕۆژنامە ڕوسییەکەدا هاتووە، ئەمریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەوروپاش پێویستی بەتورکیایەکی بەهێز هەیە، هەرچەندە بایدن لەمامەڵەکردنی لەگەڵ هاوپەیمانەکاندا سیاسەتێکی جیاوازی لەترەمپ هەیە، بەشێوەیەک بەئاشکرا کار لەسەر لاوازکردنی یەکێتیی ئەوروپا ناکات، بەڵام دەیەوێت بەردەوام ئەوە بەبیر ئەوروپاییەکان بهێنێتەوە کە ئەوان لاوازن‌و پێویستیان بەئەمریکا هەیە، بۆیە تاوەکو مەترسیی ڕوسیا لەسەر ئەوروپا کەمتربێتەوە، مەترسییەکانی تورکیا بۆسەر ئەوروپا بەلای واشنتۆنەوە گرنگتر دەبێت، ئەویش لەڕێگای (مەترسیی شەپۆلی پەنابەران‌و گێچەڵ‌و شەڕفرۆشتنەکان بەوڵاتی یۆنان).

دواین بابەتیش ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک بەڵێندەرێکی لاوەکیی لەململانێ هەرێمایەتییەکاندا پێویستی بەتورکیایە، بەوپێیەی کۆمەڵگەی ئەمریکی لەجەنگە دەرەکییەکان بێزار بووە، ئەنكەرەش بەردەوام ئامادەیە ئەو ئەرکە بۆ ئەمریکا لەئەستۆ بگرێت، وەک ئەوەی لەبابەتی مانەوە لەئەفغانستان‌و بەرگریکردن لەبەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دوای کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لەو وڵاتە تورکیا دەیکات.

ڕۆژنامە ڕوسییەکە دەڵێت:"کێشەی ئەمریکا لەخودی تورکیادا نییە، ئەوەندەی بابەتەکە پەیوەندی بەبەرزەفڕییەکانی ئەردۆغانەوە هەیە، هەرچەندە ئەمریکا لەڕێگای پشتیوانیکردنی کودەتاکەی ساڵی 2016وه‌ ویستی ڕەگی شەڕەنگێزی تورکیا دەربێنێت، تەنانەت بەکوشتنی ئەردۆغانیشەوە، بەڵام هەوڵەکە شکستیهێنا، ئەمەش وایکرد پەیوەندییەکانی تورکیاو ئەمریکا ڕوو لەگرژبوونی زیاتر بکات.

ڤزگلیاد دەڵێت:"بایدن نایەوێت هەڵەکە دوبارەبکاتەوە، بەڵکو لەجیاتی ئەوە دەیەوێت ئاستی شەڕەنگێزی تورکیا بەرامبەر بەهاوپەیمانە ئەوروپاییەکان کەمبکاتەوەو بڕواش بەئەردۆغان بهێنێت لەسەر حیسابی سەرشۆڕکردنی سەرکردە ئەوروپاییەکان هەوڵی بەرزکردنەوەی ئاستی جەماوەریی خۆی لەناوخۆدا نەدات، هەربۆیە لەمیانی لوتکەی ناتۆ لەبڕۆکسل، ئەردۆغان چاوی بەسەرۆک وەزیرانی یۆنان کەوت‌و لەگەڵ فەرەنسییەکانیشدا کەوتە دانوستانەوە.

و: ئاکۆ ئاڵی