دووساڵ دوای کارکردنی کابینەی نۆیەم، دۆخی حکومەتی هەرێم چۆنە؟

ڕاپۆرت

11/07/2021‌ 1300 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوو ساڵ لەمەوبەر و لە ١٠ی تەموزی ٢٠١٩ و دوای زیاتر لە نۆ مانگ کۆبونەوەو گفتوگۆی چڕی نێوان هێزە سیاسیەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، سەرەنجام کابینەی نۆیەم متمانەی پەرلەمانی وەرگرت و وەزیرەکانی دەستبەکار بوون.

لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا هەرێمی کوردستان بە قورسترین قەیرانەکانیدا تێپەڕیوەو هەندێک جار هەرێم لە لێواری شکستێکی حەتمی نزیک بوەتەوە.
بەشێك لەو قەیرانانە دروستکراوی خودی حکومەت و بەشێکیشیان لە خراپی پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم وبەغداد و بەشێکی تریشیان بە هۆی گۆرانکاریە جیهانیەکانەوە بوە بە نمونەی بلاو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

کابینەی نۆیەم کە هەر لەسەرەتای دەستبەکار بونیەوە بانگەشی حکومەتێکی بەهێزی دەکرد، زۆر کات هێندە لاواز دەرکەوتوە کە هیچ هیوایەکی لای هاولاتیان نە‌هێشتۆتەوە.

لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا چەند پرسێک وەک کارنامەی سەرەکی حکومەت دیاری کرابوون کە بەرای چاودێران هیچکام لەو خاڵانە تا ئێستا وەک پێویست جێبەجێ نەکراون.
چاکسازی ئەو خاڵەبوو کە وەک چەقی کارنامەی کابینەی نۆیەم باسدەکراو سەرۆکی حکومەت و وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەردەوام باسیان لە ئەنجامدانی چاکسازی ڕیشەیی دەکردەوە لە سێکتەرە جیاوازەکاندا، بەڵام چاودێران و شارەزایانی پرۆسەی چاکسازای پێیان وایە تا ئێستا هیچ هەوڵێکی جدیی نییە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و هیچ هیوایەکیش بەدیناکریت بۆ بەدهێنانی چاکسازی، لەوانەیە ئەمەش لە نەبونی ئیرادەی راستەقینەوە سەرچاوەی گرتبێت.

بەدیهێنانی دادپەروەری و پێدانی مافی شایستە بە هاوڵاتیانی هەرێم یەکێک لە خاڵەکانی تری ناو کارنامەی کابینەکەی مەسرور بارزانی بوو، بەلام ئەوەی بەدیدەکریت هیچ دادپەروەریی و پێدانی مافێک نابینریت کە بۆ هاولاتیانی هەرێم دەستەبەر کرابێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە هاولاتیان و موچە خۆرانی هەرێمی کوردستان لەو پەری نەهامەتی و بارگرانی و نەبونیدا ژیان بەرێدەکەن و لەبەرامبەردا چینێکی کۆمەلگە ژیانێکی شاهانەو نموەنەییان بۆ فەراهەمکراوە کە سەرچاوەکەی جێگەی گومان و تێرامانە.

بەدامەزراوەیی کردنی سیکتەرەکانی حکومەت یەکێکی تر لە پایە گرنگەکانی کارنامەی حکومەت بوو، بەڵام چاودێران و شارەزایان پێیان وایە نەک دامەزراوەکانی حکومەت بە دامەزراوەنەکراون بەلکو زۆربەی سێکتەرەکان خراوەنەتە ژێر دەستی حزب و شەخسی نێو حیزبەکانەوەو زۆربەی دامەزراوەکانی حکومەت بە شێوەیەکی ناتەندروست بەڕێوەدەبرێن.

ئازادی ڕادەربرین و رۆژنامەگەریی یەکێك بوو لەو بابەتانەی کابینەی نۆیەم هەر لەسەرەتاوە زۆر بەتوندی بانگەشی بۆ دەکرد، بەڵام هەر دوای چەند مانگیکی کەم لە دەستبەکار بوونی کابینەکە، سەرجەم بانگەشەکان پێچەوانە بونەوەو زیندانەکان پرکران لە رۆژنامەنوس و رەخنەر و چالاکوانانی مەدەنی کە داوای مافەکانی هاولاتیانیان دەکرد.

لە سایەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا دەسەڵاتی دادوەری زۆرترین ڕەخنەی لێگیراوەو بە پێی راپۆرتە نێو دەولەتی و ناوخۆییەکان دەستوەرانی ئاشکرا لە دادگاکان و کۆی سیستەمی دادوەری هەرێمدا بە دی دەکرێت، رەنگە کەیسی سزادراوانی بادینان باشترین بەڵگەی حاشا هەڵنەگری ئەم بابەتە بێت.

هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر لە هەموو کات پەرتەوازەن و هەر گروپەو لە ژێر فەرمانرەوایی بەرپرس و فەرماندەیەکی حزبیدایەو چۆنی بوێت ئاراستەی دەکات و بۆ کوێی بوێت دەیجولێنێت و حکومەتیش دەستەوەستانەو هیچی پێنکارێت بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە.

قاچاخچێتی و بەهەدەردانی موڵک و ماڵی گشتی لە دوو ساڵی رابردودا  گەشتۆتە ترۆپک و  بە ئاشکراورۆژی ڕوناک لە خاڵە سنوریەکانەوە قاچاخچێتی و دزین و تەخشان و پەخشان ڕودەدات و حکومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لە ئاست قاچاخچییەکان بێدەسەڵاتن و ناتوانن رێگری لێبکەن و داهاتی هەرێم لە رێگەی خاڵە سنوریەکانەوە نەک زیادی نەکردوە بەڵکو رۆژ بەرۆژ کەمدەکات کە ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ فراوان بونی دیاردەی قاچاخچیتی.

لە سایەی حکومەتی هەرێمدا وێرای بلاو بونەوەی پەتای کۆرۆنا لە دوو ساڵی رابردودا هەردوو کەرتی پەروەردەو تەندروستی پاشەکشەیەکی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە و هەردوو کەرتەکە وردوە وردوە رادەستی کەرتی تایبەت دەکرێن و هاولاتیانی هەرێم بێهیوا دەکرێن لە باشبونی دۆخی پەروەردە و تەندروستی .

کۆچی گەنجان بۆ تاوراوگە لە دوو ساڵی ڕابردودا بە جۆرێک هەڵکشا کە ئامارەکانی رێکخراوە تایبەتمەندەکان جێی نیگەرانی و ترسێکی زۆر بوو بەڵام حکومەت وەک تەماشاکار و بێ هیچ پلانیک بەدریار مەرگی رۆڵەکانی نیشتمانەوە دانیشتوە کە خۆیان دەکەنە قوربانیی لە پێناو بەدەست هێنانی ژیانێکی شکۆمەندانەدا.

لە هەمو دونیادا حزبە بەشدارەکانی حکومەت شانازی بە کابینە و حکومەتەوە دەکەن و خۆیان بە خاوەنی سەرجەم سەرکەوتن و شکستەکانی حکومەت دەزانن چونکە کابینەکانیان لەسەر بنەمایەکی پتەو دامەزراوە، بە پێچەوانەوە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام و لە کاتی قەیرانەکاندا بەشێک لە هێزە پێکهێنەرەکانی کابینەکە خۆیان لە بەرپرسیارێتی و شکستەکان دەدزنەوەو هەندیک جار وەک ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەکەن کە لە هیچ ولاتێکی دونیادا ئەمە نییە.

تەمەنی کابینەی نۆیەم چوار ساڵە کە دوو ساڵی تەواو بوەو دوو ساڵی ماوە، پرسیاری جدی ئەوەیە داخۆ دوو ساڵی داهاتوش هاوشێوەی ئەم دوو ساڵە حکوموت لە سێکتەرە جیاوازەکاندا پاشەکشە دەکات یان دەتوانێت بە پلانێكی نوێوەو سەرجەم ئەو کەموکوریانەی لە سێکتەرە جیاوازەکان هەیە پری بکاتەوە، یان  هەر لە بنەرەتدا حکومەتی هەرێم دان بەوەدا دەنێت کە کوموو کوری هەیەو بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە ویستی دەبێت بۆ راستکردنەوەی ئەو هەڵانەی کە لە دوو ساڵی رابردودا کراون؟
ئێستا هەرسێ حزبی بەشدارو وەزیرەکانیان لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی نوێدان بۆ دوو ساڵی داهاتوو بۆ ئەوەی بتوانن دوای تەواو بونی ماوەی کابینەکەیان بە شانازییەوە باڵەخانەی حکومەت جێبهێڵن وبێنەوە نێو جەماوەر و دەنگدەرەکانیان.