هۆکاری کشانەوەی ڕەوتی سەدر لەهەڵبژاردن ئاشکراده‌كرێت

عیراق

17/07/2021‌ 4140 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسێكى نێوده‌وڵه‌تى پشتبه‌ستن به‌سه‌رچاوه‌ى تایبه‌تى خۆى، هۆكارى پاشه‌كشه‌ى سه‌در له‌هه‌ڵبژاردن ئاشكراده‌كات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "سەدر دەیەوێت لەو ڕێگه‌یه‌وه‌ خۆی لەتوڕەیی جەماوەر بەدوربگرێت کە بەهۆی نه‌بونى خزمەتگوزارییەكانه‌وه‌ دروستبوە"، سه‌رچاوه‌یه‌كیش وته‌یه‌كى سه‌در له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كدا له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشكراده‌كات.


بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە لەبارەی هۆکارەکانی پشت پاشەکشەی ڕەوتی سەدر لە هەڵبژاردنە پەڕلەمانییەکەی مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو ئامادەیکردوە، باسی لەوەکردوە، سەدر دەیەوێت لەڕێگای ئەو بڕیارەوە خۆی لەتوڕەییە جەماوەرییەكان بەدوربگرێت.

ئه‌وه‌شى بڵاوكردۆته‌وه‌، دیارترین توڕه‌یی خه‌ڵك بەهۆی سوتانی نەخۆشخانەکان‌و بڕانی کارەباو نەبونی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانی ترەوە دروستبوە، لەکاتێکدا ڕەوتەکە پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتە.

لەبەشێکی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرزدا هاتوە، "سەدر بەگشتی بێئەوەی پۆستێکی هەڵبژێرردراو بەڕێوەبەرێت، لەدابەشکردنی دەسەڵاتی عێراقدا بەشدارە، پێشتریش لەهێڵەکانی پێشەوەی پرۆسەی سیاسیی کشاوەتەوە بێئەوەی ڕەوتەکە هەڵبوەشێنێتەوە کە کۆنترۆڵی زۆرینەی پۆستە زیندوو هەستیارو داراییەکانی لەناو دەسەڵاتی جێبەجێکردن کردوەو لەناو پەرلەمانیشدا دەستی زۆر دەڕوات".

لەو ڕاپۆرتەدا كه‌ پشتی بەلێدوانی سەرچاوەیەکی نزیک لەسەدر بەستوە، وتویەتی:"بڕیارەکەی سەدر دوای ئەوەهات کە ژمارەیەک لەهێزە شیعییەکانی نزیک لەئێران هەڵمەتێکی توندیان بۆ شێواندنی ناوبانگ‌و لەکەدارکردنی ڕەوتی سەدر دەستپێکرد، سەدریش لەدوایین کۆبونەوەیدا بەشوێنکەوتوانی وتوە، چەند لایەنێک ئامادەن عێراق بسوتێنن تەنها بۆئەوەی ڕەوتەکەی ئەوان حکومەتی داهاتوو پێکنەهێنێت".

ئاماژە بەوەشکراوە، پرۆسەی سیاسیی لەعێراق گەیشتۆتە دەرگایەکی داخراوو بێ چارەسەرو هیچ ئاسۆیەک دیارنییە بۆئەوەی وڵات لەگێژاوی قەیرانەیەک لەدوای یەکەکان ڕزگاربکات.

و: ئاکۆ ئاڵی