دواى حه‌وت ساڵ..تائێستا چارەنوسی هەزاران ڕفێنراوی ئێزدی نادیارە

کوردستان

03/08/2021‌ 595 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دوای تێپەڕبونی حەوت ساڵ بەسەر تاوانى داگیرکردنی ناوچە ئێزدینشینەکانی سەر بەقەزای شنگال لەلایەن داعشه‌وه‌، بەڵام هێشتا چارەنوسی هەزاران ڕفێنراوی ئێزدی دەستی داعش نادیارە.


نوسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، تائێستا چارەنوسی حه‌وت هه‌زارو 763 ڕفێنراوی ئێزدی دەستی داعش نادیارە.

ڕونیشیکردۆتەوە، ئەو سەرژمێرییە لەڕۆژى 1ى ئابی ئەمساڵ نوێکراوەتەوەو لەلایەن نەتەوەیەکگرتوەکانیشەوە پشتی پێدەبەسترێت‌و پەسەندکراوە.

لەبەشێکی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، ژمارەی ئەوکەسانەی بەهۆی ‌هێرش‌و پەلامارەکانی داعشەوە ئاوارەبون گەیشتۆتە 360 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی، ئەوە جگە لەپەنابەربونی زیاتر لە100 هەزار ئێزدی بۆ دەرەوەی وڵات، لەکاتێکدا تائێستا تەنها 150 هەزار ئاوارە گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان.

پێش هێرشەکەی 3ى ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆسەر شنگال، ژمارەی ئێزدییەکانی عێراق دەگەیشتە 550 هەزار کەس.

نوسینگەی ڕزگارکردنی ئێزدییە ڕفێنراوەکان له‌وباره‌یه‌وه‌ دەڵێت:"لەڕۆژە سەرەتاییەکانی په‌لاماره‌كه‌ى داعش بۆسەر شنگال هه‌زارو 293 ئێزدی لەسەر دەستی ئەو گروپه‌ تیرۆریستیه‌ بوە قوربانی کە ڕوفاتى بەشێکی زۆریان لەناو 82 گۆڕی بەکۆمەڵدا دۆزراونەتەوە".

لەبەیاننامەی نوسینەگەکەدا هاتوه‌، "بەگشتیی 641 ئێزدی لەلایەن داعشەوە ڕفێنراون کە دوو هه‌زارو 869یان لەڕەگەزی نێر بون‌و سێ هه‌زارو 548یشیان لەڕەگەزی مێ بون، لەو ژمارەیەش هه‌زارو 206 ئافرەت‌و 339 پیاوو هه‌زارو 49 منداڵی کچ‌و 956 منداڵی کوڕ ڕزگار کراون".