شارپرێس:
پۆلیسى هه‌ڵه‌بجه دۆزینه‌وه‌ى منداڵێك به‌كوژراوى ئاشكراده‌كات‌و وته‌بێژى پۆلیسیش ورده‌كاریی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه ڕاده‌گه‌یه‌نێت‌و ده‌ڵێت:"كه‌سێك ده‌ستگیركراوه".
له‌ڕاگه‌یه‌نراوێكدا مقدم بەرزان عوسمان وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرایكردوه، شه‌وى ڕابردوو لەگەڕەکی سەرای پارێزگای هەڵەبجە منداڵیکی تەمەن 9 ساڵ بەناوی (ڕاوێژ قادر سه‌عدی) پیشە خوێندکار به‌كوژراوى دۆزراوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه، ئه‌و منداڵه له‌ئێواره‌ى دوێنێوه دیارنه‌ماوه‌و دواتر له‌ناو بیری مزگەوتێک کە ئاوی تێدانییە بەکوژراوی دۆزراوەتەوەو ئاسەواری لێدانیش لەسەری هەبوە.
وته‌بێژى پۆلیسى هه‌ڵه‌بجه وتویه‌تى:"پاش گەیشتی تیمی بەڵگەو تاوان‌و پۆلیسی بنکەی هەڵەبجە، تەرمی منداڵەکە دەرهێنراوەتەوە كه بەداخەوە گیانی لەدەستدابوو، به‌ڵام لێکۆڵینەوە لەڕوداوەکە دەستیپێکردوە".
له‌كۆتاییشدا جه‌ختیكردۆته‌وه، "کەسێک دەستگیرکراوە بەناوی (ا.س) تەمەن 25 ساڵ دانیشتوی پارێزگای هەڵەبجە گەڕەکی سەرا بەپێى مادەی 406 لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت".