به‌هۆى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كانه‌وه‌ 11 هه‌زار كه‌س ده‌ستگیرده‌كرێن

عیراق

15/09/2021‌ 1413 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکان‌و کارتێکەرە عەقڵییەکان لەوەزارەتی ناوخۆی عێراق ئاشکرایکرد، لەماوەی ساڵ‌و نیوێکدا زیاتر لە11 هەزار کەس بەتۆمەتی بازرگانیکردن‌و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون، به‌رپرسێكى ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌ش ده‌ڵێت:"زیندانى هه‌میشه‌یی‌و له‌سێداره‌دانیش له‌نێو سزاكانیاندا هه‌یه‌".


عەقید بیلال سوبحی ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکان بەئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراقیی وتوە، "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکان‌و کارتێکەرە عەقڵییەکان ڕاپۆرتی ساڵانەو شەش مانگی‌و ڕاپۆرتی ڕۆژانە بۆ وەزیری ناوخۆ بەرزدەکاتەوە، کەبەپێی ئەو داتایانە، لەماوەی ساڵ‌و نیوی ڕابردودا زیاتر لە11 هەزار کەس لەسەر بازرگانیکردن‌و بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان دەستگیرکراون.

وه‌كو ئه‌و به‌رپرسه‌ وتویه‌تى:"ئەوەش ئاماژەیەکی مەترسیداری بڵاوبونەوەی ئەو مادە مەترسیدارەیە لەناو کۆمەڵگەی عێراقدا".

عه‌قید بیلال سەبارەت بەسزای ئەوکەسانەی لەسەر دۆسیەی مادە هۆشبەرەکان دەستگیردەکرێن وتویەتی:"بەپێی مادەی 27ی یاسای بەرەنگاربونەوەی مادە هۆشبەرەکان، ئەوکەسانەی ئەو مادەیە هاوردە دەکەن‌و لەناوخۆدا دروستیدەکەن سزاکەی لەسێدارەدانە، بەڵام بەپێی مادەی 28، ئەوکەسانەی بازرگانیی بەمادە هۆشبەرەکان دەکەنە سزاکەیان لەنێوان بەندکردنی کاتی بۆ زیندانیکردنی هەمیشەییدایە، ئەوانەشی بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکانن ئەوە لەنێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانیدەکرێن".

داواشیکردوە، "لەبەر زۆری ژمارەی ئەوکەسانەی مادە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنن، پێویستە لەهەموو نەخۆشخانەیەک ناوەندێکی تایبەت بەچارەسەرکردنی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان بکرێتەوە، بەڵام لەئێستادا ژمارەی ئەو ناوەندانە ئێجگار کەمە".