هەڤاڵ ئەبوبەکر: ناردنی بەنزینەکەى بەغدا بەشێکی کەم لە پێداویستی هەرێم پڕدەکاتەوە

کوردستان

19/09/2021‌ 678 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، رۆژانە وەزارەتی نەوتی عێراق یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار لیتر بەنزین بۆ هەرێم دەنێرێت و ئەوەش رێژەیەکی کەم لە پێداویستی هەرێم پڕدەکاتەوە.


هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی بە رۆژنامەی سەباحی عێراقی راگەیاندوە"یەکەم کاروانی بەنزین لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە رەوانەی پارێزگای سلێمانی کراوەو ئێستا  گەیشتووەتە دەستمان، دواتر لەگەڵ گەیشتنی بەنزینەکە بەسەر بەنزینخانەکاندا دابەشکراوە و بەشێک لەوان دەستییان کردووە بە فرۆشتنی یەک لیتر بەنزین بە ٦٩٠ دینار".

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو بڕە بەنزینەی گەیشتووەتە هەرێم بەسەر پارێزگاکاندا دابەشکراوە بەشێوەیەک بۆ هەریەک لە پارێزگای هەولێر و سلێمانی ٣٦٠ مەتر سێجا بەنزین و ٢١٦ مەتر سێجا بۆ پارێزگای دهۆک و ١٤٤ مەتر سێجاش بۆ پارێزگای هەڵەبجە.

هەڤاڵ ئەبوبەکر روونیکردوەتەوە کە ناردنی ئەم کاروان بەنزینە بەشێکی کەم لە پێداویستی هەرێم پڕدەکاتەوە، چونکە هەرێم رۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە، بەڵام بەغدا زیاتر لە ملیۆنێک لیتر دەنێرێت.

هەروەها پارێزگارى سلێمانى ئەوەشى خستووەتەڕوو کە لە چەند مانگی رابردوودا نرخی بەنزین بەشێوەی پلە پلە بەرزبووەوە، هۆکارەکەشی گرانبوونی نرخی دۆلاربوو، چونکە حکومەتی هەرێم بەنزینی لە تورکیا و ئێرانەوە هاوردەی دەکرد.

سەبارەت بە نرخى ئەو بەنزینەش کە لەبەغداوە هاتووەتە هەرێم پارێزگاری سلێمانی وتى" بەنزینەکە بەغدا بە ٦٥٠ دینار هەر لیترێک دەدات هەرێم بە بەڵام ٦٩٠ دینار دەدرێت بە هاوڵاتیانی هەرێم، ئەو ٤٠ دینارەی دەچێتە سەری ٢٠ دیناری بۆ کرێی گواستنەوەی بەنزینەکە و ٢٠ دیناریش بۆ سوودی بەنزینخانەکانە."
س.هـ