پارتى: پێویستە عێراق واز لە کەلتووری خۆسەپاندن و کەڵەکەکردنی کێشە بهێنێت

کوردستان

19/09/2021‌ 582 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەحمود محەممەد،وتەبێژی فەرمى پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە عێراق واز لە کەلتووری خۆسەپاندن و کەڵەکەکردنی کێشە بهێنێت، چونکە کەڵەکردنی کێشە لە عێراق بووەتە کەلتوور لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان.

مەحمود محەممەد رایگەیاند، پارتی لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی بە بانگەشەیەکی هێمنانە دەستی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق کردووە، بانگەشەکان لە ئاستی  مێژوو و سەروەرییەکانی پارتین، هەروەها داوای لە کاندیدەکان کرد لە بانگەشەی هەڵبژاردندا بەڵێنی خەیاڵی بە خەڵک نەدەن، بەڵکوو بەڵێنێک بێت کە لە توانای پارتیدا هەبێت جێبەجێی بکات.

ئاماژەى بەوە کردوە کە دەیانەوێت دەستور ببێتە بناغەی کۆکردنەوەی هەموو لایەک، چونکە بە وتەى ئەو هەندێک لایەن لە عێراق دەستوور لە بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنن، پێویستە دەستور وەک خۆی جێبەجێ بکرێت، لە ئەگەری جێبەجێکردنی دەستوور وەکوو ۆی کۆمەڵێک ماف بۆ هەرێم دەگەڕێتەوە و خۆشگوزەرانیش بۆ عێراق دەگەڕێتەوە.
سەبارەت بە بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناوچە کێشە لەسەرەکان وتەبێژی پارتى دەڵێت، نەک بە تەنها کاندیدی پارتی بەڵکوو پێویستە هەموو کاندیدەکان ئازادبن لە بانگەشە کردن لەو بازنەی کە خۆیان تێیدا هەڵبژاردووە، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێكکەوتنی شەنگال ڕێککەوتنێکی باش بوو بەڵام هەندێک ڕێگر و ئاستەنگ لە بەردەمیدا دروستبوون.
هەروەها وتەبێژەکەى پارتى باس لەوە دەکات کە پێویستە عێراق واز لە کەلتووری خۆسەپاندن و کەڵەکەکردنی کێشە بهێنێت، چونکە کەڵەکردنی کێشە لە عێراق بووەتە کەلتوور لە جیاتی چارەسەرکردنی کێشەکان.