سەرەڕای سوودە زۆرەکانی ئەو کەسانە کامانەن کە نابێت هەنار بخۆن؟

تەندروستی

01/10/2021‌ 5955 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەنار یەکێکە لەو میوانەی کە دەوڵەمەندە بە ڕەگەزە خۆراکیی و دژە ئۆکسێنەکان و کانزا و ڤیتامینە جیاوازەکان، هەربۆیە ئەمە وایلێدەکات مرۆڤ لەچەندین نەخۆشیی بپارێزێت، وەک ڕێگریکردن لەتووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە و دابەزاندنی پەستانی خوێن و باشکردنی تەندرووستیی ئێسک و چەندین سوودی تر، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پسپۆڕانی خۆراکیی ڕێنمایی دەدەن بەوەی تەمەنێکی دیاریکراو هەیە نابێت هەناری تێدا بخورێت.

بەگوێرەی بابەتێکی پێگەی رووسیا ئەلیەوم، دوکتۆرە ئەناستاژیا تاراسکۆ خانمە پسپۆڕی بواری کوێرە رژێنەکان و پسپۆڕی بواری خۆراکیی لە روسیا جگە لە ئاماژەکردن بە سوودەکانی هەنار، ئەو کەسانەشی دەستنیشانکردووە کە باشترە لە خواردنی هەنار دووربکەونەوە.

بەپێی قسەی پزیشکە روسییەکە هەنار چەندین سوودی تەندرووستیی هەیە لەوانە:
سودی بۆ ڕوبەرووبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە: خواردنی هەنار بەرگرییەکی بەهێز دروست دەکات بۆ لەناو بردنی خانە شێرپەنجەییەکان، لە لێکۆڵینەوەیەکی زانستی دا لە ساڵی ٢٠١٢ ئەوە ڕوونبۆتەوە کە هەنار دەبێتە هۆی لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان.

بۆ خانمانی دووگیان : خواردنی هەنار لەلایەن ژنانی سک پڕەوە دەبێتە هۆی گەیاندنی ئۆکسجینی تەواو بۆ کۆرپە، جگە لەوەی هەنار دەوڵەمەندە بەچەند ڤیتامینێک کە بەسوودە بۆ تەندوروستیی دایکی سکپڕ.

بۆ تەندرووستیی ئێسک : سودێکی زۆری هەیە بۆ ئەو نەخۆشیانەی توشی ئێسک دەبنەوە بەتایبەتی ئەو کەسانەی لەتەمەنی پیریدا توشی نەخۆشی ئێسک دەبن.

دژە نەخۆشیی زەهایمەرە: لە لێکوڵینەوەیەک لە زانکۆی لیما لیندای ئەمریکی ئەوەی دۆزیەوە کە شەربەتی هەنار بەرگری دژی نەخۆشی لە بیرچوونەوە درووستدەکات.

بۆ  پەستانی خوێن بەسوودە : خواردنی ٥٠٠ ملم هەناری ڕۆژانە بۆ ماوەی مانگێک دەبێتە هۆی ئەوەی کەسە توشی پەستانی خۆین نەبێت .

چەوریی زیانبەخش لەناودەبات: خواردنی شەربەتی هەنار دەبێتە هۆی لەناوبردنی چەوری خۆین بە یەکجارەکی.

بۆ دابەزاندنی کێش بەسوودە: خواردنی هەنار دەبێتە هۆی سووتاندنی چەوریی و دابەزاندنی کێشی جەستە.

سوودەکانی بۆ نەخۆشیی شەکرە: لێکوڵینەوەیەکی ئیسرائیلی ئەوەی سەلماندووە کەشەربەتی هەنار دەبێتە هۆی هۆی دابەزاندنی ڕێژەی شەکرەی ناو خوێن و ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکە کەمدەکاتەوە.

سەبارەت بەوکەسانەی کە نابێت هەنار بخۆن، تاراسکۆ دەڵێت: لەڕووی کردەییەوە هیچ ڕێگرییەک بۆ خواردنی هەنار لەلایەن هیچ چینێکەوە نییە، جگە لەوەی ئەو کەسانەی بەدەست کێشەکانی کۆئەندامی هەرسەوە دەناڵێن لەکاتی قورسبوونی حاڵەتەکانیان نابێت هەنار بخۆن، هەروەک چۆن ڕێنمایی نادرێت شەربەتی هەنار بە منداڵانی خوار یەک ساڵی بدرێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی