عێراق ژێر ئۆتۆمبێل دەکەوێت.. ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکرێت

عیراق

01/10/2021‌ 1295 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی سەرجەم ئۆتۆمبێلەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانی بۆ ساڵی 2020 ئاشکرا کردووە کە خۆی لە زیاتر لە 7 ملیۆن ئۆتۆمبێل دەدات،  کە بەراورد بە ساڵی 2019 نزیکەی 220 هەزار ئۆتۆمبێل زیادی کردووە.

دەزگای ناوەندی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەراپۆرتێکدا دەڵێت: تێکڕای ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی کەرتی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2020 بریتییە لە 7 ملیۆن و 106 هەزار ئۆتۆمبێل، کە ئەوە سەرجەم تابلۆکان دەگرێتەوە بە تابلۆ کاتییەکانیشەوە.

بەپێی راپۆرتەکەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لەساڵی 2019 ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی عێراق بریتی بووە لە 6 ملیۆن و 888 هەزار و 201 ئۆتۆمبێل، بەوجۆرە لەساڵی 2020 دا ژمارەی ئۆتۆمبێل بەڕێژەی لەسەدا 2 زیادی کردووە.

ئاماژە بەوەشکراوە کە بەپێی ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەهەموو تابلۆکانەوە لەساڵی  رابردوودا تۆمارکراوە، بۆ هەر 1000 کەس، نزیکەی 175 ئۆتۆمبێلی بەردەکەوێت.

دەزگای ناوەندی ئامار ڕوونیکردۆتەوە کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی ژمارەی هەمیشەییان هەڵگرتووە لەسەدا 59.7 ی سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان پێکدەهێنێت، لەناویاندا ئۆتۆمبێلەکانی هەرێمی کوردستان، هەروەک تابلۆیژمارەی کاتی ڕێژەی لەسەدا 5 و ئەو ئۆتۆمبێلانەی تابلۆی نوێیان پێدراوە ڕێژەکەی لەساڵی 2020 بریتی بووە لە لەسەدا 25.3 سەرجەم ئۆتۆمبێلەکان.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی