بێوار ڕەحمان
بەشێوەیەکی گشتی، ئاسانە تەماشاو شرۆڤەی کارەساتە مرۆییو ئابورییەکان لەعێراق بکەین، بۆشایی سیاسییو ئەمنیو سەربازیی بەهۆی ململانێ تایەفیو جیاکارییە کۆمەڵایەتییەکان ئەبینین.
دیوێکی گرنگو قسە لەسەرنەکراوی ڕووداوەکان ئەو ناهاوسەنگیو ڕا-ڕاییەیە لەنێوان حەوزەکانی قوم-نەجەف- مەشهەددا هەیە. پرسیارو بایەخی گەورەی ئێران بریتییە لەئایندەی ململانێکانی قومو نەجەف، ئەمەش ڕاستەوخۆ بەستراوە بەکاریزماییو قووڵایی مێژوویی "ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی"یەوە، سیستانی بوو نەیهێشت عێراقی دوای سەددام ببێتە ویلایەتی فەقیهو عێراق ببێتە دەوڵەتێکی دینیو ئاین بسەپێت بەسەر هەموو دامەزراوەکاندا، حەوزەی نەجەف بەردەوام لەململانێدایە لەگەڵ حەوزەی قومو مەشهەد.
سەیدسیستانی فاکتەرێکی گەورەی تێکنەچونی ماڵی شیعی بوە لەعێراقدا، ئایا بەنەمانی ئایەتوڵڵا سیستانی عێراق ئەبێتە چۆن گۆڕەپانێک؟
یەکەم: ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی
ئەو ناوی “عەلی کوڕی محەمەد باقر کوڕی عەلی حوسەینی سیستانی” یە. لە(٤ی ئابی ١٩٣٠) لەشاری مەشهەد لەئێران چاوی بهژیان هەڵهێناوە. لەڕۆژگاری ئەوکاتی ئێرانی پەهلەویدا هاتە ئەم دونیایەوەو ساڵی (١٩٥١)ش ڕویکردۆتە پیرۆزیی شاری نەجەف.
ئەو جگە لەوەی باوکو باپیری پێگەی ئاینییان هەبوەو لەتەمەنی (٥) ساڵیەوە دەستیکردوە بەخوێندنی قورئانی پیرۆز، لەسەردەستی زانایان؛ سەید مەهدی ئەسفەهانی، حوسێن بڕۆجەردیی، محەمەد حوججەی کۆهکەمەری، ئایەتوڵڵا ئەبو لقاسمی خوئیی، سەید حسێن حیللیو چەندان زانای گەورە بەبواری جیاجیای حەوزەیی ئاشنا بوە.
سەید سیستانی، لەساڵی (١٩٦٤)وە، دەستی بە نووسینو لێکۆڵینەوەو وتاردان لەبواری فیقهی جەعفەرییو بڵاوکردنەوەی هزری ئاینییو دادوەریی لەنێو کۆمەڵگەدا کردوە، لەسەر ڕاسپاردەی باوکی دەستی بەشارەزابون لەکاروباری حەوزەیی کردوە، هەر لەسەرەتاوە چەندین پەرتووکی کاریگەری خوێندۆتەوە، لەوانە بە“شرۆڤەی ئەلفییە”، “سەییوتی”، “المغنی- ابن هشام، " المگول- ی تفتازانی"، "مقاماتی حریری".
پاشان “شرۆڤەی نیزام” زانای گەورە نەیساپوری خوێندووە، ئینجا “شرۆڤەی لەمعەو قوانین”ی لای سەید ئەحمەدی یەزدی خوێندوە. هەروەها “مەکاتبو رەسائیل”و“کفایە”ی لای «ئایەتوڵڵا میرزا هاشمی قەزوینی» خوێندووە، جگە لەمانەش، کۆمەڵێک پەرتووکی پڕ بەهای فەلسەفیی وەکو “شرۆڤەی مەنزومەی سەردەواری”و “شرۆڤەی ئیشراقو ئیسفار”ی لای زانای ناودار «ئایسی»و “فوارقی ئیلهام”یشی لای خوالێخۆشبوو «موجتەبای قەزوینی» خوێندووە.
دوەم: سیستانیو ئەزمونی قووم
سەید عەلی سیستانی، لەکۆتاییەکانی ساڵی (١٩٤٩) چۆتە حەوزەی پیرۆزی قومو لەوێش ئامادەی وانەکانی زانای گەورە سەید “حسێن تەبا تەبائی برۆجەردی“ لەبواری «فیقهو ئوسوڵ» بووە، لەو ماوەیەدایە هەگبەیەک پڕ لەزانیاری لەزانستی فەرموودە بەدەست ئەخات. ئیتر بەرەبەرە زرنگیو هۆشیاریی سەید عەلی سیستانی بەسەر هاوپۆلەکانیدا بەدیارکەوتو بەبەهێزیی بیرو دیدو بۆچوونو وردبوونەوەو گەڕانو پشکنینو قووڵبونەوە لەبابەتەکان ناسرا. ئەوەی لێرەدا ڕاستییەکان دوپاتئەکاتەوە، ئەوەیە سیستانی لەتەمەنی (٣١) ساڵیدا لەسەردەستی هەردوو زانای کۆچکردوو سەید «خووئی»و «شێخ الحلی» بڕوانامەی (ئیجتیهادی ڕەها)ی بەدەستهێناوە.
سێهەم/ سیستانیو ڕۆژگاری فەرمانڕەوایی بەعس لەعێراقدا
لەسەرەتای پەنجاکانو لەگەرمەی ململانێی سیاسییو ئایدۆلۆژیی نێوان شیوعیەتو تەوژمی خۆرئاوای دوای دوو جەنگە جیهانییەکە، هاوکات ململانێی دەسەڵاتو فەرمانڕەوایی جیهانی عەرەبیو هاتوهەرای چەپی نەتەوەییو قیادەی قوتریو بەعسیەکاندا، بەتایبەتیش ململانێی دوو کاراکتەری بەهێزی وەک “جەمال عەبدولناسرو عەبدولکەریم قاسم”دا، ئەوکاتانەی بەعس سەرەتاتکێی ئەکرد بۆ بڵاوبونەوە لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا. لەو ماوەیەدا، سەیدعەلی سستانی، سەرقاڵی لێکدانەوەو تەتەڵەکردنی پەرتوکەکانی وەک «مارکسیزمو بیرینەتەوەیی فەلسەفی» بوە.
لەوکارەشدا ، زۆر سەرکەوتووبوو بەگونجاندنی پرەنسیپی هەرسێ خوندنگەی پیرۆزی (مەشهەد، قوم، نەجەف)و بایەخی مێژووییو ئایینیان. لەکاتی بەرپابوونی شۆڕشی ئێرانداو سەرکەوتنی شۆڕش، ڕژێمی بەعس کەوتە وێزەی حەوزەی پیرۆزی نەجەف، بەعس ئەیویست حەوزەی نەجەف بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکاربهێنێت، لێرەدا حەوزەی پیرۆز کەوتە نێوان بەرداشی ملکەچکردن بۆ بەعسو بڕیاردان لەدژی ئەو ڕژێمە دڕندەیەو پاراستنی کەسایەتییو بێلایەنییو هەڵوێستی ئایینی دروستی خۆی.
مکوڕبونەکانی حەوزەی نەجەف لەسەر داکۆکیکردن لەخۆیو پرەنسیپەکانی، وایکرد ڕژێمی بەعس بەدەیان شێوەی جۆراوجۆر بکەوێتە وێزەی سەید سیستانیو حەوزەی نەجەف:
بۆ نمونە، هەر لەسەرەتاوە کە ڕژێمی بەعس، نەیتوانیی ئایەتوڵڵا “خوئی” مەرجەعی باڵا لەعێراق دەربکا. ڕاستەوخۆ پەلاماری نوسینگەکەیاندا. کاتێکیش کە کەسە نزیکەکانی هەوڵیاندا ئەو بڕوایەی بۆ دروستبکەن تاوەکو عێراق بەجێبهێڵێت، بەهیچ شێوەیەک ڕازیینەبوو، لەوەڵامدا وتی “ناهێڵم ڕۆژێک لەڕۆژان بوترێت حەوزەی پیرۆزی نەجەف ئایەتوڵا توسیی بونیادی ناو خووئی وێرانی کرد. دوای ماوەیەک ئایەتوڵڵا (خووئی) نەخۆشکەوتو نەیتوانی ئیمامەتی نوێژکەران بکا، هەربۆیە داوای لەسەید سیستانی کرد، بەو ڕۆڵە هەڵبسێت، بەڵام لەپێناو خۆ بەدوورگرتن لەپلەو پایەو ڕێزی زۆر بۆ مامۆستاکەی سەیدسستانی ڕازینەبوو، ئیتر دوای تێکچوونی تەواوی ڕەوشی تەندروستی ئیمام (خوئی) بەناچاریی ئەو پلەیەی لەساڵی (١٩٩٢) قبوڵکرد.
بەعس کەمی بەرامبەر حەوزەی نەجەف نەکرد، لەتۆمەتو ناوزڕاندنو تیرۆری کەسێتیەوە تا ئەگاتە تیرۆرکردنی فیزیکیو لەسێدارەدانی کەسایەتیە ناودارەکانی شیعەو ڕاوەدونانی خوێندکارەکانی حەوزەی نەجەفو تێکدانو وێرانکردنی چەندین خوێندنگەو مزگەوتی مێژووییو ناوەندە پیرۆزییەکان. لەم قۆناغەشدا سەدان کەسایەتیو خانەوادەکانیان لەبەندیخانەکان شوێن بزرکرانو چەندانی تریش لەسێدارەدران، کە چەندین زاناو ئایەتوڵڵای پایەبەرزی تێدابووە.
لەگەڵ داکیرکردنی کوێتو پاشان هێرشی هاوپەیمانانو هەڵایسانی ڕاپەڕینی شەعبانی گەلی عێراق، دواتریش شکستی ڕاپەڕینەکەو پەلاماری دڕندانەی ڕژێم بۆ سەر نەجەفو کەربەلا کە دوو شاری هەرە پیرۆزی ڕەگەزیی شیعەیە لەناوچەکەدا، جگە لەوەش ئایەتوڵڵا خوئیو سەیدسیستانی دەستبەسەرکرانو ئەشکەنجەدران. لەوسەروبەندەدا سەید (خووئی) وەفاتی کردو، ڕژێم ڕێگەی نەدا بەشێویەکی شیاو ئەسپەردە بکرێتو مەراسیمی بەخاکسپارنی قەدەغەکرد. هەر لەم ماوەیەدا دەیان پیاوی گەورەی ئاینی شیعی لەلایەن بەعسەوە لەناودران.
بۆیە دەزگاکانی ڕژێمی بەعس، زیاتر کەوتنە پیلان دانان بۆ لەناوبردنی سەید سیستانی، بەمجۆرە کەسایەتی سەید سیستانی بەتەنها لەماڵە سادەکەی خۆی مایەوەو عێراقی بەجێنەهێشت، چونکە لایوابوو “خوای گەورە چی بۆ نووسی بێت بەوە ڕازییە”، ئیتر ئاوها ڕەوشەکە درێژەی کێشا تابەهاری ٢٠٠٣و ڕووخانی ڕژێمی بەعسو دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ.
چوارەم: فتواو هەڵوێستەکانی سیستانی لەدوای ساڵی ٢٠٠٣
- بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بەیاسای بەڕێوەبردنی کاتیی عێراق ٢٠٠٣.
- بەیاننامەی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بەپەلاماردانی کڵێساکانی موسڵو بەغدا - ٢٠٠٤.
- بەیاننامەی نوسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بەڕووداوەکانی ٢٠٠٤.
- ڕاگەیاندنی وتەبێژی فەرمی نووسینگەی سەید سیستانی سەبارەت بەوتەکانی تایبەت بەدەستووری عێراق ساڵی ٢٠٠٥.
- لێدوانی وتەبێژی فەرمی نوسینگەی سەیدسیستانی سەبارەت بەکارەساتی “پردی الائمە” کازمییە لەساڵی ٢٠٠٥.
- بەیاننامەی نوسینگەی سەیدسیستانی لەبارەی پەلامارە تیرۆریستییەکانی سەر هەردوو مەزاری ئیمامانی عەسکەری لەساڵی ٢٠٠٦.
ـ نامەی سەید سیستانی بۆ گەلی عێراق، لەبارەی خۆپاراستن لەئاشووبو فیتنەی تائیفی لە ساڵی ٢٠٠٦.
- چاودێریی بەرفراوانی منداڵانی بێباوکو بێسەرپەرشت لەڕێگەی دامەزراوەی “العین” کە لەساڵی (٢٠٠٦)وە بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە.
- بەیاننامەی سەیدسیستانی سەبارەت بەیەکبوونی ئیسلامیو لەگۆڕنانی فیتنەی تائیفی ساڵی٢٠٠٧.
- بەیاننامەی نووسینگەی سەیدسیستانی سەبارەت بەڕێککەوتنامەی کشانەوەی هێزە بیانییەکان لەعێراق ساڵی ٢٠٠٨.
- بەیاننامەی نووسینگەی سەیدسیستانی سەبارەت هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ساڵی ٢٠٠٩.
- بەیاننامەی نووسینگەی سەیدسیستانی سەبارەت بەهەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٠.
- بەیاننامەی نووسینگەی سەیدسیستانی دەربارەی خۆپیشاندانەکانی ڕۆژی هەینی ساڵی ٢٠١١.
ـ بەیاننامەی نووسینگەی سەیدسیستانی سەبارەت بەپێشهاتە ترسناکەکانی پارێزگای نەینەوا لەساڵی ٢٠١٤و دەرکردنی فەتوای جیهادی کەفائی.
- وەڵامدانەوەی بڕیارو هەوڵەکانی ئیدارەی ئەمریکا لەبارەی داننان بەشاری قودس وەک پایتەختی ئیسڕائیل ساڵی ٢٠١٧.
- وتاری سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا لەکەربەلا ساڵی ٢٠١٧.
- بەیاننامەی نووسینگەی سەیدسیستانی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق ساڵی ٢٠١٨.
- پشتگیریکردنی کارمەندانی تەندروستیو ناونانی هەریەکێک لەوانە بە“شەهید” لەکاتی گیانلەدەستدانی هەریەکێکیان بەهۆی جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان.
- فەتوای هاوکاریی کۆمەڵایەتیی بۆ زیان لێکەوتوانی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
ئاستی کاریگەرییو کاریزمایی سەید سیستانی لەعێراقدا زۆر گەورەیە، لەئانو ساتی داگیرکردنی عێراق لەساڵی (٢٠٠٣)دا شیعەکان بڕیاریاندا بەچەک ڕووبەڕووی ئەمریکیەکان ببنەوە، بەڵام دوای سەردانی “ پۆل بریمەر”و چەندین کاراکتەری بەریتانی بۆ لای ئایەتوڵڵا سیستانی، شیعەکان دەستیان لەمکارە هەڵگرت. ئەگەر تەماشا بکەین لەساڵی (٢٠١١)وە سەیدسیستانی جگە لەکۆچکردوو “مام جەلال” دەرگای لەهەموو بەرپرسە باڵاکانی عێراق داخستوەو چاوی پێیان نەکەوتوە. لەتازەترین ڕووداوی بێوێنەدا سەردانی پاپای ڤاتیکان کە نوێنەرایەتی تەواوی مەسیحییەکانی جیهان ئەکات سەردانی عێراقی کرد لەم ساڵی (٢٠٢١)دا چوە ماڵەکەی سەیدسیستانی!. ئەوە یەکەمینجارە گەورەترین ڕابەری ڕۆحی مەسیحییەکان لەجیهاندا لەگەڵ گەورەترین مەرجەعی شیعە چاویان بەیەک بکەوێت.!. ئەمە جگەلەوەی سەید سیستانی پێگەیەکی گرنگی لەلای خۆرئاوا هەیەو نوسینگەی خۆی لەزۆربەی وڵاتانی وەکو فەرەنساو بەریتانیاو ئەمریکا هەیە.
لەعێراقدا تەنها ساڵانە جارێک بۆ دووجار نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان ئەبینێتو کەسی دی نابینێت. لەهەرلایەکییەوە لێی بڕوانیت سیستانی وەک هێزێکی پەنهانی یان ئاشکراو بەرجەستە دێتە پێشچاو، تائێستا ئەم زاتە کاریگەرە ناسنامەی نییەو تەنها ئیقامەیەکی هەیە، تائێستاش کرێچییە لەخانویەکدا کە ڕووبەرەکەی تەنها (١٢٠) مەترە! دوو کوڕی خۆی "سەید محەمەد ڕەزا"و"سەید محەمەد باقر" بەردەوام لەگەڵیدان.
دەرئەنجام: ئایا دوای سەید عەلی سیستانی ئێران ئایەتوڵڵاکانی قوم ئەهێنێت بۆ نەجەف؟
تەمەنی سەید عەلی سیستانی (٩٠) ساڵی تێپەڕاندوە، تەندروستی ڕێگەی نادات وەکو پێشوتر بەرەنگاریی زۆردارییو پیلانگێڕییەکان ببێتەوە. عێراق بۆ خۆی لەڕووی سیاسییو تایەفیو ئابورییو تەندروستییەوە ڕۆژگارێکی تا ئەوپەڕی دژوار بەڕێئەکات. عێراق لەناوخۆدا دەیانو بگرە سەدان گروپی چەکداری جیاجیای تێدایە کە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی شەرعیەتی حکومەتیدان، سەروەری بۆ عێراق تەنها وەک وشەیەکی بێ مانا ماوەتەوە.
ئایا ئاوابونی کاریزمایەکی ئاینیو کاراکتەرێکی ئاوها بەهێزی وەک سەید سیستانی چی لەدۆخی عێراق ئەکات؟ ڕەنگە، بەهێزترینو بەردەستترین بژاردە هەر ئەوەبێت ئێران لەمەشیاندا دوا گۆڵی خۆی لەعێراقدا تۆماربکات، ئەوەش بەگواستنەوەی مەرجەعیەتی نەجەف بۆ قووم، یان هێنانی کەسانی وەک ئایەتوڵڵا وەحید خۆراسانی، ئایەتوڵڵا مکارم شیرازی، مەحمودی شەهرودی، ئایەتوڵڵا نوری هەمەدانیو ئایەتوڵڵا سافی گلپایکانی بۆ جێگرتنەوەی ئایەتوڵڵا سیستانی.
بژاردەو پرسیارێکی تر ئەوەیە، لەناو عێراقدا جێگرەوەی سەیدسیستانی دیاریبکرێت، بۆ نمونە، شێخ ئیسحاق فەیاز کە ئێستا لەشاری نەجەفەو لەبنەڕەتدا خەڵكی ئەفگانستانە، شێخ بەشیر نەجەفی کە خەڵکی پاکستانە ئەمانە ئەو پێگەیە بگرنە ئەستۆ؟، یاخود موقتەدا سەدرو ئەهالی سەدر ئەو هێزە بەخۆیان بدەنو جڵەوی مەرجەعیەتی نەجەف وەربگرن. نەمانی ئایەتوڵڵا سیستانی لەگۆڕەپانەکەدا بێ ئەندازە کاریگەریی لەسەر دۆخی عێراق ئەبێت، کاریگەریی خراپی لەسەر ماڵی شیعە لەلایەک، ناکۆکی سوننەو شیعە لەلایەکی تر ئەبێت، سەیدسیستانی تا هەنوکە هیچ هەڵوێستو فتوایەکی دژی گەلی کورد نەبوە، لەپرسی چەسپاندنی فیدراڵییەتو دەستوردا سیستانی ڕۆڵی هەبوە، لەبابەتی ڕیفراندۆمدا سیستانی بێلایەن بوو هیچ ورتەیەکی دژی کورد لێوە نەهات.