بافڵ تاڵەبانی: کورسییە بەدەستهاتوەكانی هاوپەیمانی بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو

کوردستان

13/10/2021‌ 1123 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
دوای كۆبونەوەی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان هاوسەرۆكی یەكێتی ڕایگەیاند، ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو کە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا و دووپاتیشکردەوە لەگەڵ براکانیان لە گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەن.

ئێوارەی ئەمڕۆ،وەفدێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد، بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی بافڵ تاڵەبانی لە دیدارەکەدا هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بەوەكردووە،  یەکێتی، بزوتنەوەی گۆڕان بە شەریکی راستەقینەی خۆی دەزانێت .

ئەوەشی وتووە، وەك ھاوبەشێکی سیاسی گرنگ دەیانەوێت پێکەوە ئاڕاستەی سیاسی بگۆڕن و داکۆکی لەمافەکانی گەل بکەن، هەروەها پێکەوە پرۆژەی نوێیان ھەبێت و بەدیدێکی نوێوە کاربکەن بۆ کوردستان.

ھاوسەرۆکی یەكێتی باسی لەوەكردووە، ئەو کورسیانەی هاوپەیمانی كوردستان بەدەستیھێناوە بەرھەمی ھەوڵی گۆڕان و یەکێتی بوو کە بەو ژمارە كاندیدەوە دەچێتە بەغدا بۆ داكۆكیكردن لە بەرنامەی كوردستانیی ‌و زامنكردنی شایستە دارایی ‌و سیاسییەكانی كوردستان بە ناوچە دابڕاوەكانیشەوە.

بە گرنگی زانیوە، یەکێتی و گۆڕان لەچوارچێوەی ھاوپەیمانی کوردستان بەرە و پرۆژەی سیاسی ھەنگاوبنێن و پرۆژەی ھاوبەشیان ھەبێت بۆ چاکسازی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و گۆڕانکاریی ریشەیی لە ئیدارەدان و دوپارتی كردووەتەوە، لەگەڵ براکانیان لە گۆڕان پێکەوە دەمێننەوە و کار بۆ ئایندەیەکی گەشتر دەکەن.
س.س

بەپەلە