دوو سەرۆکایەتی عێراق هۆشداری دەدەن

عیراق

15/10/2021‌ 2513 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەردوو سەرۆکایەتی کۆمار و  ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایدەگەیەنن، "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات لەبەرچاو بگرن، و پابەندبن بە پاراستنی ئارامی و زمانی عەقڵ و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە".

ئەمڕۆ هەینی هەردوو سەرۆکایەتی کۆمار و ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەدا، وەک بەرپرسیارێتییە نیشتمانی و دەستووری و یاساییەکان، ھەروەھا بۆ پاراستنی پرۆسەی دەستووری و دیموکراسی وڵات و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق، ھاوکات لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی عێراق و کارکردن بۆ ئەوەی وڵات نەبرێت بە ئاڕاستەی کێشمەکێش و دۆخێکی نەخوازراو کە کاریگەری لەسەر ئاسایشی گشتی بکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە "لەو چوارچێوەیەدا جەختدەکەینەوە لە گەڕانەوە بۆ خەڵک لەسەر بنەمای دەستوور، چونکە خەڵک سەرچاوەی شەرعییەتی حوکمڕانییە و هەڵبژاردنیش مافێکی نیشتمانی و رێگەچارەیەکی دێموکراسی و ئاشتیانەیە بۆ گەڕانەوە بۆ خەڵک و بژاردەکانی، بۆیە پێویستە متمانەی گەلی عێراق بە پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان بگێڕینەوە، تاوەکو ھەڵبژاردنەکان ببێتە مایەیی ھێنانەئاراوەی خواستی راستەقینەی گەل".

هەردوو سەرۆکایەتیەکەی عێراق دەشڵێن "ھەروەھا سەبارەت بەو ناڕەزاییانەی کە هەیە لەسەر  بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە کە لەچوارچێوەی یاسا جێی قبوڵکردنە، بۆیە مامەڵەکردن و یەکلایکردنەوەی پێویستە بەپێی دەستوور و یاسا دەبێت".

هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکە "ھاوکات پشتیوانی خۆمان بۆ کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان و دەسەڵاتی دادوەری تایبەت بەو بابەتە  دووپاتدەکەینەوە بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە، ھەروەھا جەختدەکەینەوە لەگرنگی رەچاوکردنی هەموو ئەو سکاڵا و تانانەی کە بەرزکراوەتەوە لەسەر  پرۆسەی هەڵبژاردن بە پیشەیی و بەرپرسیارێتی و بێلایەنی تەواو".

لەکۆتاییشدا ئەوەخراوەتەڕوو "داواش لە هەموو لایەنەکان دەکەین بەرپرسیارێتی نیشتمانی و بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات لەبەرچاو بگرن، و پابەندبن بە پاراستنی ئارامی و زمانی عەقڵ و دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزکردنی دۆخەکە کە دوور نییە کاریگەری لەسەر ئاشتی و ئاسایشی گشتی بکات، ھەروەک دووپاتدەکەینەوە لەگرنگی یەکخستنی ھەوڵەکان بۆ ھێنانەدی داواکارییە نیشتمانییەکان کە چاوەرێ دەکرێت بۆ پێکھێنانی ئەنجومەنی نوێنەران کە گوزارشت بێت لە خواستی گەل و ھێنانەکایەوەی چاکسازی بنەڕەتی و گەشەپێدان، و کارکردن بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی کارا کە کار بکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و چەسپاندنی دەوڵەتی توانادار کە داوا رەواکانی خەڵک رووەو و ئایندەی باشتر بھێنێتەدی".