چاودێری بازرگانی سلێمانی: گرانی كاڵا و شتومەك لە دەسەڵاتی كەسدا نییە

کوردستان

24/10/2021‌ 159 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو شمەك و كاڵایانەی دێتە هەرێمەوە لە سەرچاوەكانیانەوە گرانبوون، بۆیە ئەمە لە دەسەڵاتی كەسدانییە و دەشڵێت: تەنها چارەسەر گرنگیدانە بە بەرهەمی ناوخۆ.

 سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری و بازرگانی سلێمانی ڕایگەیاند، ئێمە لەگەڵ هەرزانفرۆشیدا و هەر شوێنێك هەرزانفرۆشی بكات یارمەتیدەری دەبین، بەڵام بەشێك لە شوێنەكان كە داشكاندن دەكەن كاتێك هاوڵاتییەك داوای پێویستییەك دەكات پێی دەڵێن بەو نرخی تەواو بووە.

كاتێك شوێنێك داشكاندن دەكات دەبێت ئێمە چاودێری بكەین بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی داشكاندنی كردووە، بۆئەوە نرخەكان لەگەڵ نرخی پێشوی و ئەو نرخەی لەلای كاشێرەكەیە بەراورد دەكەین.
هەر شوێنێك داشكاندن بكات، سەرەتا لێی دڵنیادەبینەوە لە داشكاندنەكە پاشان ڕێگەی پێدەدەین، لەگەڵ ئەوەشدا بەبەردەوامی ڕۆژانە چاودێری دەكەین.

لەبارەی گرانی نرخی كاڵا و شمەكەوە وتی: ئەو شمەك و كاڵایانەی دێتە هەرێمەوە لە سەرچاوەكانیانەوە گرانبوون، بۆیە ئەمە لە دەسەڵاتی كەسدانییە، بەڵام شوێنێك لە شوینێكی تر گرانتر كاڵایەك دەفرۆشێت ئەوە جیاوازە و دەچێتە چوارچێوەی گرانفرۆشییەوە.

لەبارەی چارەسەری گرانییەوە ئاماژەی بەوەكرد، كە تەنها چارەسەر گرنگیدانە بە بەرهەمی ناوخۆیی و پاڵپشتی كردنێتی، بۆئەوەی بتوانن ئەوانەی پێویستی ڕۆژانەی هاوڵاتیانە پەرەی پێبدان، لەوكاتەدا دەتوانین كۆنترۆڵی نرخەكەی بكەین و هەم كوالێتییەكەیشی بە دڵی هاوڵاتیان بێت.
س.س