عێراقییەكان و توركەكان پێشەنگی گەشتیارانی بیانین لە ئێران

عیراق

05/05/2024‌ 334 جار خوێندراوه‌ته‌وه



ئەنجوومەنی گەشتیاریی جیهانی بڵاویكردەوە، لە ماوەی ساڵی 2023دا عێراقییەكان لە سەرووی ڕێژەی گەشتیارانی بیانیەوە بوون بۆ ئێران، لە كاتێكدا كەرتی گەشتیاری ئێران گەشەسەندنی 21% بەخۆیەوە دەبینێت.

ئەنجومەنەكە لە ڕاپۆرتێكدا دەڵێت “كەرتی گەشتیاری لە ئێران لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی ٢١% گەشەسەندنی بەخۆیەوە بینیوە” و ئاماژەی بەوەشدا كە “گەشتیارانی عێراقی لە پلەی یەكەمدان، دواتر توركەكان لە گەشتكردن بۆ ئێران.”

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، پشكی پیشەسازی گەشتیاری لە بەرهەمی ناوخۆیی جیهانیدا لە ساڵی 2023 گەیشتە 23.2%، ئەم پیشەسازییە 9.1%ی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی پێكدەهێنێت، بەهای ئەم پیشەسازییە لە ساڵی 2023دا بۆ 9.9 تریلیۆن دۆلار بەرزبووەتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، عێراقییەكان بە ڕێژەی 37%ی كۆی گەشتیارانی بیانی كە لە ساڵی 2023دا هاتوونەتە ناو ئێران، پلەی یەكەمیان گرتووە، دوای عێراق، گەشتیارانی توركیاش لە ڕووی ژمارەی سەردانەكانی بۆ ئێران لە ساڵی 2023 پلەی دووەمیان گرتووە، گەشتیارانی كۆماری ئازەربایجان 7%، و پاكستان بە 7%، و لوبنان بە 3%، بوون.

ئامارەكان ئاماژە بەوە دەكەن كە جگە لە بووژانەوەی گەشتیاری بیانی لە ئێران، پیشەسازی گەشتیاری ناوخۆییش لە ساڵی ٢٠٢٣دا گەشەیەكی باشی بووە.

گەشتیارانی بیانی لە ساڵی ٢٠٢٣دا ٧٠ هەزار ملیارد تمەنیان لە ئێران خەرج كردووە كە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو ٨٣.٦% زیادی كردووە.