شارپرێس:
عەلی تەمیمی شارەزای بواری یاسایی عێراقی ئاشكرایدهكات، پێشنیازێکی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کۆتا لەیاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان پێشکەشکردوە، دهشڵێت:"ئەوەی لەم هەموارکردنەدا گرنگە، گەڕاندنەوەی ژمارەی کورسییەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ 111 کورسی وەک ئەوەی هەبوە".
تەمیمی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتویهتى:"پێویسته پهرلهمانى عێراق یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان هەمواربکاتەوە، چونکە دەسەڵاتی دادوەریی گشتی هەیە بەسەر هەرێمەکانو پارێزگارەکاندا بەگوێرهى بڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە 80ی ساڵی 2017، هەموارکردنەکەش هاوشێوەی ئەوە دەبێت كه لەیاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانو پەرلەمانی عێراق ژمارە 12ی ساڵی 2018 دەبێت کە لەمادەی 15دا دەبینرێت، بەشێوەیەک کورسی بۆ پێکهاتە جیاجیاکانی پارێزگاکان دراوە، هەروەها مادەی 35ی تایبەت بەکەرکوک کە هەمان ڕێبازی پەیڕەوکردبوو".
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوەی لەم هەموارکردنەدا گرنگە، گەڕاندنەوەی ژمارەی کورسییەکانی هەرێمی کوردستانە بۆ 111 کورسی وەک ئەوەی هەبوە، هەروەها دورکەوتنەوە لەبڕیاری دادگای فیدراڵی ژمارە 83ی ساڵی 2023 بۆ نەهێشتنی کورسی کۆتاکان".
تەمیمی لەدرێژەی قسەکانیدا وتویەتی، “دوای ئەوەی ئەم هەموارکردنە دەکرێتو هەڵبژاردن بەگوێرهى ئەوە لەهەرێم ئەنجامدەدرێت بەشێوەیەک پەرلەمانی هەرێم 111کورسی تێدابێت، دواتر پەرلەمانە نوێکە یاسایەکی نوێی پەیوەست بەهەڵبژاردنەکان دادەڕێژێت یان ئەو یاسایە هەمواردەکاتەوە".
دەشڵێت:"دادگای فیدراڵی بەگوێرهى مادەی 45ی پەیڕەوی ناوخۆی خۆى لەساڵی 2022 مافی ئەوەی هەیە بەگوێرهى گۆڕانکاریی لەبارودۆخی سیاسییو ئابورییدا لەبڕیارەکانی پاشگەزبێتەوە، ئەمە بنەمایەکی دەستوریی جیهانییە، بەمەرجێک هیچ دەستکەوتێکی یاساییو مافێکی بۆ تاکەکان لێنەکەوێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "چارەسەرکردنی ئەم پرسە گرنگە، چونکە هەرێم گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ عێراق بەگشتیو ناوچەکە بەتایبەتی، داواکاریی نێودەوڵەتیی هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە، دیارترینیان نەتەوەیەکگرتوەکانە".