کاریگەرییە لاوەکییەکانی سیستەمی خۆراکیی "کیتۆ "

تەندروستی

05/11/2021‌ 369 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سیستەمی خۆراکیی کیتۆ یەکێکە لە بەربڵاوترین ئەو سیستەمە خۆراکیانەی کە  لەجیهاندا بۆ دابەزاندنی کێشی جەستە بەکاردەهێنرێت و تێیدا پشت بە بەبەرنامەیەکی خۆراکیی کەم کاربۆهیدرایت دەبەستێت.

بەگوێرەی پێگەی "ئێم ئێس ئێن" لەگەڵ کاریگەرییە کاراکانی ئەم سیستەمە لە دابەزاندنی کێش، بەڵام لەهەمان کاتدا چەندین کاریگەریی لاوەکیی هەیە کە بەشێوەیەکی نەرێنیی کاریگەریی دەکاتە سەر تەندرووستیی مرۆڤ، کە لێرەدا ئاماژەیان پێدەکەین:

ئەنفلۆنزای کیتۆ
ئەنفلۆنزای کیتۆ شتێکی راستەقینەیە، پسپۆران دەڵێن بەهۆی بڕینی کاربۆهیدرایت لە سیستەمی خۆراکیی مرۆڤ دەکەوێتە حاڵەتی کیتۆزیی، کە تێیدا جەستە بۆ دەستکەوتنی وزە چەورییەکان دەسووتێنێت، بەهۆیەوە چەند نیشانەیەکی نا ئاسوودەی وەک سەرئێشە، ماندوبوون، ئازاری ماسولکەکان، دڵتێکەڵهاتن و سکچوونی لەسەر دوروستدەبێت.

گۆڕانی مەزاج
کاتێک پەیڕەویی لە سیستەمێکی خۆراکیی کەم کاربۆهیدرایت دەکرێت، ئەوە جەستە کاربۆهیدرایتی پێویستی دەستناکەوێت تاوەکو ماددەی سیرۆتینین بەرهەمبهێنێت، ئەوەش ماددەیەکی کیمیاییە لە میشکدا یارمەتیی ڕێکخستنی حاڵەتی مەزاجی کەسەکە دەدات، جگە لە خەو و حەزی خواردن، ئەو دووەش دوو فاکتەری ترن لە تێکدانی مەزاج.

سکچوون
کاتێک خۆراکیی چەور دەخورێت، جگەر ماددەیەک لە کۆئەندامی هەرس دەردەدات بۆ تیکشکاندنی چەورییەکان، واتە پەیڕەوکردنی سیستەمی خۆراکیی پڕ چەوریی واتە دەبێت جگەر برێکی زۆرتر لەو ماددەیە دەربدات کە وەک نەرمەکەرەوەیەکی سرووشتییە و هۆکارە لە خێراکردنی جوڵەی پاشەڕۆکان و درووستبوونی سکچوون.

درووستبوونی بۆنی ناخۆشی ناو دەم
کاتێک جەستە دەچێتە ناو حاڵەتی کیتۆنییەوە، دەستدەکات بە بەرهەمهێنانی بەرهەمە ناوەندییەکان کە ناسراون بە کیتۆنات، کە ئەسیتۆنی لەخۆگرتووە، ئەویش هەمان ئەو ماددەیە لەناو بۆیەی نینۆکدا هەیە کە جەستە بەشێوەیەکی سرووشتیی بەرهەمی دەهێنێت، یەکێک لە ڕێگاکانی دەردانی کیتۆناتی جەستە بریتییە هەناسەدان کە بۆنێکی جیاوازی هەیە لەو بۆنی ناخۆشی ناودەم کە بەهۆی بەکتریاوە درووستدەبێت.

بەردەوام هەستکردن بە تینوێتی
لەکاتی پەیڕەوکردنی سیستەمی خۆراکیی کیتۆ بەلاتەوە سەیر نەبێت کە بەردەوام هەست بە تینوێتیی بکەیت، لەبەرئەوەی دەردانی ئەو ڕێژە زۆرە لە ئاو دەبێتە هۆی درووستکردنی تینوێتیی، لەبەرئەوە پێویستە ئەوکەسانە بەردەوام بڕی پێویستی ئاو بخۆنەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی