زانا ئەمەریکییەکان لەبەرهەمهێنانی ڤاکسینی شێرپەنجە نزیکبوونەتەوە

تەندروستی

07/11/2021‌ 1029 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی پێگەی " "medicalxpress"" زاناکانی ناوەندی زانستە تەندرووستییەکانی زانکۆی نیومەکسیکۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا تاقیکردنەوەی سەرکەوتوویان ئەنجامداوە کە نزیکیان دەکاتەوە لە خەونی داهێنانی ڤاکسینی دژ بە نەخۆشیی شێرپەنجە.

ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەی زاناکان کە لەسەر مشکی تاقیگەیی کراون، لە گۆڤاری Nature Biomedical Engineering دا بڵاوکراوەتەوە و رایانگەیاندووە کە سەرکەوتنی تاقیکردنەوەکانیان هەنگاوێکی گرنگە لە گەیشتن بە ئامانجی درووستکردنی ڤاکسینی دژە شێرپەنجە بەهەموو شێوەکانییەوە، کە لەماوەی رابردوودا یەکێک بووە لە ئامانجە سەرەکییەکانی زانایانی بواری پزیشکی.

لە تاقیکردنەوەکانی ئەمدواییەدا زاناکان هەوڵیانداوە شێوازی نوێ بەکاربهێنن کە خۆی لە ڕووپۆشکردنی خانە شێرپەنجەییەکانی کەسە نەخۆشەکە بە ماددەی سیلیلکا دەبینێتەوە، بەو واتایەی پرۆسەکە بریتی دەبێت لە پاراستنی دژە پەیداکەری لووە شێرپەنجەییە دۆزراوەکە لەڕێگای رووپۆشکردنی بە چینێکی باریکی ماددەی سیلیلکا.

زاناکان تاقیکردنەوەکەیان لەڕێگای داهێنانی ڤاکسینی تایبەت بە کوتانی مشکی تووشبوو بە شێرپەنجەی هێلکەدان کردووە، لەئەنجامدا دەرکەوتووە کە ڤاکسینەکە بەشێوەیەکی پێویست کاری خۆی دەکات، بەشێوەیەک خانە تییەکان ( T Cells) لەبەرەنگاربوونەوەی خانە شێرپەنجەییەکان کاراتر بوون، ئەنجامە کۆتاییەکەشی ئەوە بووە کە بەشێوەیەکی یەکجارەکیی لووە شێرپەنجەییەکەی جەستەی مشکەکانی لەناوبردووە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی