شارپرێس:
تەندروستیی دەمو ددان بابەتێکی یەکجار گرنگە، دەزوی پاککردنەوەی ددان، فڵچە لێدانو بەکارهێنانی پاککەرەوەکانی ددان بەشێکن لەپرۆسەی پاراستنی تەندروستیی ئەم ئەندامە گرنگەی جەستە، بەڵام سیستمی خۆراکی تەندروست کاریگەرییەکی یەکجار گەورەتری لەم بوارەدا هەیە.
لەوبارەیەوە پێگەی "ئێم ئێس ئێن" ژمارەیەک خۆراکیی دەستنیشانکردووە کە بۆ پاراستنی تەندروستیی دەمو ددان بەسودن کە ئەوانیش بریتین لە:
شیر: دەوڵەمەندە بەکالیسیۆم و ڤیتامین د، لەبەرئەوە بۆ تەندروستیی دەمو ددان بەسوودە، هەرچەندە بڕێک لاکتۆزی لەخۆگرتووە کە جۆرێکە لەشەکر، لەگەڵ ئەوەشدا ددان لەکلۆربوون دەپارێزێت.
پەنیر: پەنیر بەرەنگاری داخورانی ددان دەبێتەوە کە هۆکارە بۆ کلۆربوون، بەگوێرەی پسپۆڕان خواردنی پەنیر ڕێژەی ترشەڵۆکی ناو دەم کەمدەکاتەوە ئەویش لەڕێگای دەردانی لیکەوە، دواجار ناهێڵێت ئەو بەکتریایە تێیدا گەشە بکەن کە هۆکارن بۆ داخورانی ددانەکە.
چەرەسات: چەرەساتەکان پڕاوپڕە لەسوود بۆ ددانەکانو هەموو جۆرەکانی ئەم چەشنە خۆراکە دەوڵەمەندن بەکالیسیۆمو فۆسفۆر. لەم نێوەندەدا بادەم دژە بەکتریایەکی ناسراوە کە رێگری دەکات لەکلۆربوونی ددان.
سەوزە گەڵا سەوزەکان (سپیناخ، برۆکلی و کەلەرم): ئەم سەوزەواتە تازانە بریتین لەکالسیۆم، ئاسید فۆلیکو بڕێکی زۆر لەڤیتامینەکانو کانزاکان کە پەیوەندییەکی ئەرێنیان لەگەڵ دەمو ددان هەیە.
سێو: خواردنی پیاز دەبێتە هۆی دەردانی لیک و لەناوبردنی ئەو بەکتریایەی بەرپرسە لەکلۆربوونی ددانەکان، دوای خواردنی سێو، ماوەی نیو کاتژمێر بوەستە ئینجا ددانەکانت بە فڵچە و هەویری ددان بشۆ.
ئاو: بێگومان پاڵەوانی سەرەکیی چیرۆکی پاککردنەوەی ددان ئاوە! ئەم مادە ژیانبەخشە ناوازەیە. ئاو جگە لە پاککردنەوەی خێرای سەرجەم کەلێنو قوژبنەکانی ددان هەروەها دەبێتە هۆی بەرهەمهاتنیلیکی ناودەم کە دژە بەکتریایەکی بەهێزە.
و: ئاکۆ ئاڵی