شارپرێس:
زانا شوێنەوارناسەکان ڕایدەگەیەنن، بەبەردبووی جۆرێک مرۆڤیان دۆزیوەتەوە کە نزیکەی دوو ملیۆن ساڵ لەمەوبەر لەباشوری ئەفریقیا ژیاوەو پێیدەوترێت "ئۆسترالۆبیسیکس سیدیبا"و بەوهۆیەشەوە نهێنییەکیان بۆ ئاشکرابووە کە چەندین دەیەیە جێگای مشتومڕی زاناکان بووە، بەوەی ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر هاوشێوەکانی مرۆڤ چۆن جوڵەیان کردووە، باس لەوەشکراوە کە ئەو جۆرەیەش هاوشێوەی مرۆڤ ڕۆیشتووەو وەکو مەیمونیش بەسەر دارەکاندا سەرکەوتووە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی، تیمێک لەزانا نێودەوڵەتییەکان بەسەرۆکایەتیی زانکۆی نیویۆرکو زانکۆی ویتواترسراند لەجۆهانسبۆرگی باشوری ئەفریقیا، لەناو بلۆکە بەردی ناو ئەشکەوتێکی باشووری ئەفریقیا بەبەردبووی ئێسکێکیان دۆزیوهتهوه کە هی بەشی خوارەوەی پشتە.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەکردووە، زاناکان ئەو ئێسکەیان بۆ دووبارە دروستکردنەوەی "ئۆسترالۆبیسیکس سیدیبا" بەکارهێناوە کە بەباپیرەی مرۆڤە سەرەتاییەکان هەژماردەکرێت.
ئێسکە دۆزراوەیەکەش ئەوەی دەرخستووە، ئەو جۆرە لەمرۆڤو مرۆڤی ئاسایی ڕۆیشتووەو هاوشێوەی مەیموونیش پەلەکانی پێشەوەشی بۆ سەرکەوتن بەسەر درەختەکاندا بەکارهێناوە.
پڕۆفیسۆر سکۆت ویلیامز توێژەری سەرەکیی لەزانکۆی نیویۆرک دەڵێت:"ئێسکی بەشی خوارەوەی پشت زۆر گرنگە بۆ زانینی ئەوەی سرووشتی ڕۆیشتن لای باپیرەی مرۆڤە سەرەتاییەکان چۆن چۆنی بووە".
و: ئاکۆ ئاڵی