زانیارى نوێ له‌باره‌ى 200 ملیاره‌كه‌ى به‌غداوه‌ گه‌یشت

کوردستان

13/12/2021‌ 5238 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم له‌به‌غدا زانیاریی گرنگ له‌باره‌ى 200 ملیاره‌كه‌ى به‌غدا بۆ هه‌رێمى كوردستان ئاشكراده‌كات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ كێشه‌یه‌ك له‌باره‌ى نه‌ناردنیه‌وه‌ نییه‌و هه‌موو ڕێكاره‌كانیش ته‌واوبون، ته‌نها گرفتێكى ته‌كنیكیه‌.


به‌گوێره‌ى میدیاى پارتى، فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی ھەرێم لەبەغدا وتویه‌تى:"دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو، ئەنجومەنی وەزیران‌و وەزارەتی دارایی عێراق ڕەزامەندییان نیشاندا، ناردنی تەمویلی 200 ملیارە دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆكارێكی تەكنیكی دواكەوتوە".

به‌رپرسه‌كه‌ى هه‌رێم له‌به‌غدا وتوشیه‌تى:"تائێستا وەزارەتەكانی حكومەتی عێراق تەمویلنەكراون، بۆیە 200 ملیارەكەش تەمویل نەكراوەو بۆ لقی هەولێری بانكی ناوەندی نەنێردراوە".

به‌وته‌ى فارس عیسا، "هیچ كێشەیەكی سیاسی نییە ڕێگربێت لەناردنی 200 ملیار دینارەكەو هیچ كێشەیەك لەگەڵ ئێمە نییەو 200 ملیار دینارەكە هەموو ڕەزامەندییەكی هەیەو نوسراویش هەیەو ڕێكارەكانیشی تەواوكردوە، تەنها ئەوەی هەیە وەزارەتی دارایی تەمویلی هیچ لایەكی نەكردوە نه‌ك ته‌نها هه‌رێمى كوردستان".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌، "دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی تەمویلی وەزارەتەكانی خۆی كرد، ئەوكات 200 ملیارەكەش بۆ هەرێمی كوردستان خەرجدەكرێت".

دوێنێ میدیاى یه‌كێتى بڵاویكرده‌وه‌، به‌هۆكارى سیاسیی، به‌غدا ناردنى 200 ملیاره‌كه‌ى بۆ هه‌رێم ڕاگرتوه‌.

ش.هـ