دەنگەکانی نێو بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر

مەلەفی تایبەت

13/01/2022‌ 1166 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نووسینی: یوسف عزەدین

(دەنگی ئەقڵ؛ هێمن و خامۆشە)  
"زیگمۆند فرۆید"
چ سەیرە گەورە بیرمەندو فەیلەسوفێکی بەنامێی وەک ئەڕستۆ، خوڵقێنەری پرسیارە پڕ ئیشکال و ورووژێنەری پارادۆکسە مەعریفییەکان، زۆر ڕاشکاوانەو بەزوبانێکی بێ گرێ و گۆڵ بڵێت؛ کۆیلەداری و بەکۆیلەکردنی ئەوانی دیکە لەپێداویستییە کۆمەڵایەتییەکانەو حەتمەن پاساوی بۆ ئەمەش لەو دۆگمایەوە سەرچاوە دەگرێت کەپێی وایە خەڵکانێک بەخانەدانی دێنە دنیاو خەڵکانیکی تریش بۆیە دێنە دنیا تا ببنە کۆیلەو مامەڵەیەکی هاوشێوەی ئاژەڵان یان بگرە لەوان کەمتریشیان لەگەڵ بکرێت.

خودی ئەو ئەڕستۆیەی کەبەیەکەمین ئوستاد ناسراوە، پێی وابووە شاڵاوە سەربازییە داگیرکارییەکانی خاوەن کۆیلەکان، بەتایبەتیش گریکەکان بۆ بەدەستهێنانی کۆیلە، شەرعی و ڕێگەپێدراوە؛ هەروەک چۆن ڕاوکردنی ئاژەڵان شەرعی و ڕێگەپێدراوە؟! چەمکی ئازادی لای ئەو بەواتای مانەوەی خاوەن کۆیلەکان لەدەسەڵاتی ڕەهایانداو هەروەها مانەوەی کۆیلەکانیش لەکۆیلەبوونیاندایە کەبەبۆچوونی ئەڕستۆ ئەوپەڕی چاکەکارییە کاتێک کۆیلەیەک دەکرێتە کۆیلەو بەمەش بەختیار دەبێت لەژیانێکی ئازادانەی تایبەت بەخۆیدا؛ چونکە ئەو تەنها بۆ ئەوە هاتۆتە دنیاوە، تا ببێتە کۆیلە. هەر بۆیە سەیر نییە، کاتێک دەزانین لەهەندێک جاراندا، ڕێژەی کۆیلەکان لەسەداهەشتای دانیشتووانی ئەسینای پێکهێناوە و جگە لەسیاسەتکردن و بەشداریکردن لەحوکم و دەسەڵاتدا کەقەدەغەبووە لێیان.. لەزۆرێک کاری جۆراوجۆدا بەکارهێنراون وبەڕای ئەڕستۆش باشترین جۆرەکانی کۆیلەش، لەڕەگەزە ئاسیایی و نەتەوەکانی تری جیاواز لەڕەگەزی گریکیدا هەڵدەکەون و هەموو ئەو ڕەگەز و توخمە مرۆڤە غەیرە گریکییانەشی بەبەڕبەڕ ناوبردووە!؟

باشترین نموونەیەکی زیندووش بۆ بەرجەستەبوون و پڕاکتیزەکردنی بیرۆکەی بەکۆیلەکردنی میللەتانی تر، لەخودی کارو کردەوەی داگیرکارییانەی، ئەسکەندەری مەکەدۆنی؛ شاگردەکەی ئەڕستۆدا دەبینینەوە .

بەسەرهاتی بەکۆیلەکردنی مرۆڤ و قۆناغی کۆیلەداری لەڕووی مێژووییەوە، زۆر پێش ئەسکەندەری مەکەدۆنی دەستیپێکردووەو پاش چەندین سەدەی یەک لەدوای یەکیش ئیدامەی هەبووەو لەهەمووشی سەرنجڕاکێشتر و تراژیدیتر، داهێنانێکی ئیبلیسیانەی مرۆڤ بووە، بۆ خەساندنی کۆیلەکان؛ نەک هەر هاوشێوەی ئاژەڵان، بەڵکو زۆر لەوانیش خراپتر!

سێ هەزار و پێنج سەد ساڵ پێش زایین، سیستمی کۆیلەداری لای سۆمەرییەکان لەمیزۆپۆتامیادا دەبینرێتەوەو پاشان ئاشوورییەکان یەکێک بوون لەو دەسەڵاتدارە دڵڕەقانەی بەنامێ بوون لەخەساندنی کۆیلەکانیاندا، هەروەها فیرعەونییەکان، چینییەکان و ...!؟

پێناچێت بەدرێژایی مێژوو، هیچ حوکم و دەسەڵاتدارییەک بەخستنەگەڕی ئەقڵانییەت و جێ بەجێکردنی نەرم و نیانی، توانیبێتی درێژە بەتەمەنی حوکمی خۆی بدات و ڕەنگە ئەستەمیش بێت، دەسەڵاتێکی لەو چەشنە ڕاشکاوانە لەماوەیەکی زەمەنی بەرچاودا ببینرێتەوە!؟

ئیدی مێژووی کڕین و فرۆشتنی کۆیلەکان و بەکارهێنانیان بەدرێژایی مێژوو بەردەوام دەبێت، تا دەگاتە سەردەمی دەسەڵاتدارە ئەمەویی و عەباسیی و سەلجووقی و دواجار لای عوسمانییەکان لەشێوازێکی پەرەپێدراو و سیستەماتیکدا، دەبێتە دەزگەیەکی تایبەتی گرنگ لەحوکمداری سوڵتانە یەک لەدوای یەکەکاندا. ئەو منداڵە خەسێنراوانەی کەزۆربەیان لەلایەن باندەکانی ڕفاندن و خەساندنەوە دابین دەکران و پاش کڕینەوەیان لەلایەن کاربەدەستتانەوە، دوای چەندین جۆر مەشق پێکردن و شێوازی فێرکارییانە، تێکەڵ بەحاشیەی کۆشکی سوڵتان و شوێنە هەستیارەکان دەکران؛ بەتایبەتیش شوێنی تایبەتی مانەوەو گوزەرانی ژن و کەنیزەکەکانی سوڵتان و دەسەڵاتداران. حەتمەن لەزۆر کاروباری جۆراوجۆردا بەکاردەهێنران، لەوانە بەتاڵکردنەوەی ئارەزووە سێکسییە هۆمۆسێکچەڵەکانی سوڵتان و پایەدارەکانی دەوڵەت، تا دەگەیشتە کاروبارە موخابەراتی و سیاسی و سەربازییەکانیش، هەر بۆ نموونە سوڵتان مەحموود یەکێک لەکۆیلەخەسێنراوە باوەڕپێکراوەکانی خۆی گەیاندە بەرزترین پلەی سەربازی و کاروبارێکی زۆری دەوڵەتیی دایە دەست و پلەی پاشاشی پێ بەخشی.

ئەوەی مێژووشی خوێندبێتەوە، دەزانێت چۆن کافوری ئەخشیدی لەکۆیلەیەکی خەسێنراوەوە گەیشتە بەرزترین پلەکانی حوکم و دەسەڵاتدارێتی سەردەمەکەی خۆی.
تەنانەت لای خانەوادە چینییە هەژارەکان، لەسەردەمانی قۆناغی کۆیلەداری و حوکمی ئیمپراتۆرەکاندا، بەویستی خۆیان و بگرە بەکۆشش و هەوڵێکی زۆر منداڵێک یان چەند منداڵێکی نێرینەیان دەناردە کۆشک تاببێتە کۆیلەیەکی خەسێنراو، بێگومان بەهەمان شێوەش خانەوادە نەدارەکان منداڵی مێینەشیان دەنارد تا ببێتە کەنیزەک. جێگەی سەرنجە کاتێک لەسەرچاوە مێژووییەکاندا، ئاماژە بەبەکارهێنانی منداڵانی ڕەش پێستی کۆیلەی خەسێنراو لەخزمەتکردنی دێرو کڵێساکاندا کراوەو بەتایبەتیش ئەو شوێنە تایبەتانەی کەڕاهیبەکانی تێدا ماونەتەوە؟!

دکتۆرێکی فەڕەنسی بەناوی دکتۆر کڵۆت کەلەسەردەمی محەمەد عەلی پاشادا، لەنیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدەیەمدا پزیشک و بەڕێوەبەری سێکتۆری تەندروستی بووە، لەکتێبێکی ناوازەو گرنگیدا کەپێشکەش بەخودی محەمەد عەلی پاشای کردووە؛ بەناوی ناساندن یان خستنەڕوویەکی تایبەت بەمیسر.. لەلایەن محەمەد مەسعودی کارمەندی وەزارەتی دەرەوەی میسریی لەنیوەی یەکەمی سەدەی بیستدا کراوەتە عەرەبی و لە ل٦٣٠ی کتێبەکەدا* دکتۆر کڵۆت، سەبارەت بەکردەی بەردەوامی خەساندن لەمیسردا دەنووسێت:

(لەئێستادا کردەی خەساندن تەنها لەمیسردا ماوەو ئێرە بۆتە سەرچاوەی ناردنی کۆیلە خەسێنراوەکان بۆ شوێنانی تری دنیا، هەردوو شاری ئەسیووت و جورجا تاقانەن لەمانەوەی ئەم کردەیە تێیاندا و کێش باوەڕدەکات؛ سەرانی ئەم کردەیە نەک هەر کۆمەڵیک مەسیحیین، بەڵکو پیاوانی ئەکلیرۆسی قیبتیین کەبوونەتە مایەی شەرمەزاری بۆ ئایین و پەڵەیەکی ڕەش بەتەوێڵی مرۆڤایەتییەوە.... ئەوانە ساڵانە ٣٠٠ کەس دەخەسێنن؛ بریتیین لەمنداڵانێک تەمەنیان لەمابەینی ٦-٩ ساڵاندایە....)
هەرەوەها دکتۆر کڵۆت لەهەمان سەرچاوەی ئاماژەپێکراوماندا دەڵێت:

( بەو پێیەی پێیان وایە پاییزان لەبارترین وەرزە بۆ خەساندن، لەپاییزدا دەخەسێنرێن و خەساندنیش تەنها بڕینەوەی ئەندامی نێرینە، چووک ناگرێتەوە، بەڵکو گەڵ و گونەکەشی لەبنڕا لەگەڵ دەبڕنەوەو بەخێرایی ڕۆنی قرچاوو دەکەن بەسەر شوێنی بڕینەوەکەدا... پاشان خەنەی تێدەگرن و ئینجا منداڵە ئەشکەنجەدراوەکە تا ئاست سەر ورگی لەنێو عەرددا دەنێژن و پاش بیست و چوار سەعات لەنێو عەردەکەی دەردەهێننەوەو شوێنی برینەکەی بەقووڕی ئەبلیزو ڕۆن چەور دەکەن.. بەم کردەیەش چواریەکی ئەو منداڵانەی دەخەسێنرێن دەمرن و ئەوانەی دەشمێنن، ژیانی لەوەو دوایان لەبێدەسەڵاتی و ئازاردا دەگوزەرێنن...)

بەسەرهاتی خەسێنراوەکان؛ سامناکترین بەسەرهاتێکی تراژیدییە کەدەلالەتێکی ڕوونە بۆ بێ سنووربوونی دڕندەیی هەموو ئەوانەی بەدرێژایی مێژووی ئەو کردەیە بەشداری ئەکتیڤ و ڕاستەوخۆیان کردووە و ئەوەی وایلێکردین ئەم کورتەپێشەکییەش بخەینەڕوو، بەشێکی کتێبی بیرەوەرییەکانم-ی موسا عەنتەرە**
لەبەشی (ئاغای حەرەم و سومبول ئاغا) لەلاپەڕە ٥١٩-٥٢٠دا هاتووە:

{خانی دایکی گەورە لەئیستانبووڵ، بازاڕێکی گەورەی کڕین و فرۆشتنی کۆیلە بوو، من خۆشم شوێنەکەم بینیووە، کاتی خۆیشی لەوێ، لەسەر سەکۆیەکی وەک سەکۆی شانۆگەری کۆیلەکانیان نمایش دەکرد، بەڵام ئەو کاتەی من بینیم کۆیلەی لێ نەدەفرۆشرا. ساڵی ١٩٢٣، کاتێک کۆشکی عەبدولمەجیدی دوایین سوڵتانی عوسمانی بێ خاوەن دەمێنێتەوەو پەرش و بڵاو دەبێ، دوای ئەوەی سوڵتان بەرەو ئەوروپا دەرکرا. کۆیلەکان بێ خاوەن مانەوە، ئەوسا لەکۆشک دوو جۆر کۆیلەو جارییەی ڕەش و سپی هەبوو. کۆیلە ڕەشەکان ئەوانە بوون کەلەئەفریقاوە بەدەستهاتبوون، بەڵام سپی پێستەکان ئەوانە بوون کەلەئەوروپاو قەفقاسیا هێنرابوونە ئیستانبووڵ، لەسەردەمەکانی کۆتایی دەسەڵاتدارێتی عوسمانی کۆیلە لەئەوروپاوە نەدەهێنران، بەڵکو زیاتر لەقەفقاسیاوە کۆیلە دەهات و زۆربەیان چەرکەس و جۆرجی بوون، چونکە خەڵکی وڵاتانی قەفقاس زۆر جوانن. تا ئەو ئاستەی لەوێ شوێنیان بۆ پێگەیاندنی کۆیلەکردبۆوە.. دەڵێن پیاوە دەوڵەمەندەکان بایی پێویستی خۆیان زیاتر، کەنیزەکی جوان جوانیان دەکڕی، هیچ یەکێکیشیان لە٢٠-٣٠ دانە کەمتریان نەدەکڕی، جگە لەو کەنیزەکانە ٢-٣ دانە کۆیلەی گەنجی قۆزیشیان دەکڕی، ئینجا  ئەوانەیان بەیەکەوە جووت دەکردو ئەو منداڵانەی لەوانە دەکەوتنەوە، وەکو بەرخ دەیانفرۆشتن.

ساڵی ١٩٤١ کەهاتمە ئیستانبووڵ، ٣٥ دانە لەو کەنیزەک و کۆیلەو خەدەم و حەشەمانە لەژیان مابوون... ئەو کۆیلەو کەنیزەکانە کاتیك کۆشکی دوایین سوڵتانی عوسمانی نامێنێت، دەکەونە کوچەو کۆڵانەکان هەریەکەو لەلایەک بەسەدەقەو زەکاتی دەوڵەمەندەکان خۆیان بەژیانەوە هەڵواسیبوو... دەربارەی ئەو ژیانە کولەمەرگییەیان ڕۆژێک کاک فالیح ڕیفقی بەسەرهاتێکی ئاوای بۆ گێڕامەوە:

( ئەو قوڕبەسەرانە پەرێشان ببوون، چونکە کابرا لەنێو کۆشک گەورە بووە،  بۆیە زۆربەیان کەسانی خوێندەوار و ڕۆشنبیر بوون، منیش ئێوارەیەک دۆخی ژیانیانم بۆ ئەتاتورک باسکرد، بەڵام ئەو لەگەڵ ئەوەی گوتی: "نانا شتی وا چۆن دەبێت" بەڵام بەڕووداوەکە نیگەران بوو، بۆیە فەرمانی دەرکرد تا داهاتی خانی گەورەی سیرکەجی ئیستانبووڵ بدرێتە ئەوان کەلەسوڵتانەکانەوە جێماوە، لەکادیکۆیش کۆشکێکی سوڵتانەکان هەیە، با هەموویان بەدرێژایی تەمەنیان لەوێ بژین، وەک دیاریشە کەسیان منداڵیان نییە، بۆیە کەمردن شوێنەکانیان دووبارە ڕادەستی دەوڵەت دەکرێتەوە. فەرمانەکەی ئەتاتورک دوای دەرچوونی جێبەجێکرا، بۆیە من بیرم دێ دوای ئەوە ژیانێکی ئیسراحەتیان بەسەربرد)....}

ئاشکرایە سەرتاپای کتێبی بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر شایانی هەڵوێستەکردن و لێخوردبوونەوەو تاوتوێکردن و لێکۆلینەوەیە؟! بەو شێوازە سادەوساکارە خۆڕسکەی لەگێڕانەوەی ڕووداوەکاندا، ڕاستگۆیانە ڕووبەڕووی دەیان پرسیاری ئەنتۆلۆژی و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و سایکۆلۆژیت دەکاتەوە! ئەم چەشنە لەنووسینەوەی بیرەوەری مەدرەسەیەکی بێ وێنەو تایبەتە، بەدڵنیایشەوە کەمن ئەوانەی توانیویانە ئاوا بەڕاشکاویی و ڕاستگۆیانە ئەوەی دەیانەوێت لەمیانی زنجیرە گێڕانەوەکانیانەوە بەرجەستەی بکەن. ئەمەش بەواتای ئەوە نایەت، کەهیچ بن دێڕو واتای شاراوەو پەنهان لەنێو کتێبی بیرەوەرییەکانی ئەو زاتەدا نییەو هەروا هەر چییەکی لەهەگبەدا بووە هەڵیڕشتووە. نەخێر وەک پێشتر ئاماژەم پێدا؛ ئەم چەشنە لەنووسینەوەی بیرەوەری مەدرەسەیەکی بێ وێنەو تایبەتە، واتە گێڕانەوەکانی تەنها ماتەڕیاڵێک نین بۆ دراماو فیلم و نێرەتیڤ و ڕۆمان و ژانرەکانی تری ئەدەب کەبێگوومان دەشێت لەو ڕووانەشەوە سوودی لێ وەربگیرێت و بکرێتە سەرچاوە. بەڵکو دەتوانین بڵێین ئەم پیاوە لەپشت ناونانی کتێبەکەی بەکتێبی بیرەوەرییەکانم و پێبەخشینی خەسڵەت و سیمایەکی ئەدەبی سادەو ساکار، ویستوویەتی جێگە بۆ نهێنییە مێژووییە گەورەکان بکاتەوە، لەوانە گەر خوێنەر لاپەڕە ٥٥٧ تا لاپەڕە ٥٥٩ی کتێبەکە بخوێنێتەوە، ڕاستی ئەو ئەرشیفکردن و درکاندنی زانیارییە تایبەت و نهێنییانەی بۆ دەردەکەوێت!؟
موسا عەنتەر پیاوی سەدەکەی خۆیەتی و یەکێکە لەو مەزنانەی کەناشێت لەداهاتوودا؛ بەبێ ناسین و ناساندن و کارکردن لەسەر تێڕوانینە فیکری و کلتووری و سیاسییەکانی، هەنگاوێکی ڕاست و دروست بنرێت!؟ ئەم پیاوە پێش ئەوەی بکوژرێت، زۆربەی ئەوەی ویستی گوتی؛ جا چ بەشێوازە ئۆڕێنتاڵەکەی کەکەسە نزیکەکانی لێی ئاگادارن و چ بەشێوازە نووسراوەکەشی وەک ئەم کتێبەی کەپێشتر بەتورکییەکەی خوێندبوومەوەو دواجاریش بەم وەرگێڕانە کوردییە جدی و جوانەی"محەمەد عزەدین" شادمان بووم.

جا هەر بۆیە وەک خۆم مەبەستم بوو، زیاتر هەڵوێستە لەسەر ئەو بەشە تایبەتەی بکەم کەتێیدا دوایین بەسەرهاتی تراژیدی کۆیلەو خەسێنراوەکانی عوسمانییەکانمان پێ دەناسێنێت!؟ بابەتێکی زۆر تایبەت و گرنگی مێژووییە، دەرکەیەکی کراوەی خوێندنەوەی ماجەڕای ڕووداوە مێژووییەکانە بەشێوەیەکی بابەتییانە، چونکە هەر لەپاڵ ئەم جۆرە شەرعیەتدانە بەبازرگانیکردن بەکۆیلەو مامەڵەپێکردنیانەوە لەقەڵەمڕەوی حوکمی عوسمانییەکاندا، لەهەمان کاتیشدا لەڕووی تەلارسازییانەوە وەک لەوتارێکی ساڵانێک لەمەوپێشمدا ئاماژەم پێدابوو، شوێن و جێگەهێلانەی باڵندەیان لەدیزاینی کۆشک و باڵەخانەکانیاندا جێکردۆتەوە.. یان دەشێت بڵێین مێژوو یەک ئاست و یەک ئاڕاستە نییەو دەتوانرێت لەزۆر ڕووی ترەوە بڕوانرێتە هەمان مێژووی ساڵانێکی دووردرێژی عوسمانییەکان!؟

جوانی نووسینەوەی مێژوو ئەوەیە لەڕک و کینەوە هەڵنەقووڵێت.. هەروەک چۆن موسا عەنتەر بەو پەڕی ئاگاییەوە سەرنجمان بۆ ئەو هەڵوێستە مێژووییەی ئەتاتورک ڕادەکێشێت و تێمان دەگەیەنێت ئەو وەک سەرۆکی دەوڵەتێک، لەئاست گرفتێکی پێشتر خووڵقێنراوی دەسەڵاتێکی پێشووتردا، دەستەوسان و خەم سارد نابێت و بەڵکو بەوپەڕی گرنگییەوە مشووری بۆ دەخوا. بۆیە پێویستە وەک خوێنەرێکی جدی بپرسین، بۆ موسا عەنتەر دەیەوێت ڕوویەکی تری ئەو زاتەمان پیشان بدات.. ڕاستە ئەوەی لەزاری فالیح ڕیفقییەوە دەیگێڕێتەوە، حەقیقەتێکی مێژووییە، بەڵام دەشیا خۆی لێ ببوێرێت و نەیگێڕێتەوە؟ بێگوومان ئەمە یەکێکە لەو پارادۆکسە جوانانەی گێڕانەوەکانی موسا عەنتەر و خوێنەری بەسەلیقەو جدی پەلکێشی دنیایەک پرسیار و هەڵدانەوەی سەرلەنوێی پەڕەکانی مێژوو دەکات!؟

هەروەک چۆن لێکۆڵەرێکی کاریگەری ئەڵمانی بەڕەگەز هیندی***، پسپۆڕ لەمێژووی عوسمانییەکاندا بەناوی سورەیا فاروقی، بەشێوازێکی نوێی لێکۆڵینەوەو وەدەرخستنی مێژووی ناڕەسمی و شاراوە، زۆر حەقیقەتی نوێی کەمتر ئاوڕلێدراوەی هێنایەڕوو، بەشێکی نهێنی کارکردنە مێژووییەکەشی پەیوەستبوو بەدەستبردنی بۆ ئەو بەڵگەو نووسین و نامانەی دیلە ڕۆژئاواییەکان نووسیبوویان کەتێیاندا هەیە پێش ئازادبوونی ساڵانێکی دوورودرێژی وەک دیلێک لەژێر سایەی دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا بەسەربردبوو.

لەو سەرچاوانە نووسینەکانی دیلێکی ئەڵمانییە بەناوی میخائیل هیری(١٥٦٠-١٦٢٣) کەبۆ ماوەی دەساڵ وەک سەوڵ لێدەری پاپۆڕەکان ڕەتێندراوەتەوەو دەڵێت جارێکیان کاتێک خاوەنی ئەو پاپۆڕەی تێیدا وەک کۆیلەیەک کارمان تێیدا دەکرد، داوای لەکاپتنی پاپۆڕەکە کرد کەزیاتر بەقامچی پشتمان سوور بکاتەوەو تا دەست و بردبکەین و چالاک بین، کەچی لەوەڵامدا کاپتن بەگژیدا دەچێتەوەو دەڵێت ئەم گیراوو دیلانە پێویستیان بەخۆراکی زیاترە نەک لێدان و تەنانەت پێیدا هەڵدەشاخێت و دەڵێت؛ ئەوانیش وەک تۆ مرۆڤن و دەبێت وەک مرۆڤ مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت.. نەک وەک ئاژەڵ؟! بەپێی گێڕانەوەکەی میخائیل هیری دواجار کاتێک خاوەن پاپۆڕەکە دەبینێت، سەرجەم دیل و شاگردەکانی کاپتن پاڵپشتیی دەکەن، هیچی پێ ناکرێت و ئەمەو زۆر نموونەی کاریگەری مرۆڤ دۆستانەی ئینسانەکان، کەلێرەدا جێیان نابێتەوە.

شایانی باسە موسا عەنتەر لەسەرجەمی گێڕانەوەکانیدا، پێناچێت مەبەستی بووبێت خۆیمان لابکاتە پاڵەوان، بگرە مامەڵەیەکی ئەنتی هێرۆش لەگەڵ خۆیدا دەکات! بەتایبەت کاتێک دەبینین ئەو موسایەی چەند جارێک دەگیرێت و ئەشکەنجە دەدرێت، کەچی دواجار دەتوانێت لەگەڵ زۆرێک لەپیاوانی دەوڵەتدا هاوڕێ بێت و تەنانەت لەگەڵیشیان بخواتەوەو گاڵتەو گەپیشیان لەگەڵ بکات؟ یان لەکاتێکدا کەلەلایەن بەشێکی زۆری خەڵکە ئاسایی و کەسایەتییە ئاینییەکانەوە وەک کۆمۆنیستێک ناسراوە، کەچی دەتوانێت لەمیانی سەردان و بەسەرکردنەوەو دیدارەکانیدا لەکات و شوێنی پێویستدا وەک دیندارێک نوێژ بکات و بەشدار بێت لەمەراسیم و بۆنە ئاینییەکاندا.. لەهەمان کاتیشدا دەتوانێت تێکەڵ بەکەشی ئایینی جولەکەکان بێت و ببێتە پارچەیەک لەوان و جێ متمانەیان!؟ بۆیە دەتوانین بڵێین موسا عەنتەر ئاوێنەیەکی پێکهاتووە لەچەندین پارچەی شکاوی جیاجیای کۆکراوەو کەسێکە دەگات بەو ئاواتەی کەمەبەستی بووە؛ هاوشانی شێخ سەعیدی پیران و سەیدڕەزاو  قازی محەمەد، دەبێتە ناوێکی نەمر!؟

پاش کوژرانیشی لەماڵەکەی خۆیداو بەرانبەر بەو دار چنارەی کەزۆری خۆشدەویست؛ خرایە ژێر خاک و هاوکات هەمان شوێنیش کرایە مۆزەخانەیەکی تایبەت بەوێنەو کتێب و کەلوپەلە تایبەتییەکانی و تەنانەت گۆرەوییە خوێناویەکانیشی وەک تابلۆو شایەتحاڵێک لەوێدا هەڵواسراون و گرنگترین وتەیەکی عەنتەریش لەکتێبەکەیدا سەبارەت بەکۆیلەکانە کەدەڵێت: ( بەبۆچوونی من، شەهیدی ڕاست و دروستی مرۆڤایەتیش ئەو کۆیلەو کەنیزەکانەن، ئەگەر نا ئەوانەی لەجەنگ خەڵک دەکوژن و دەکوژرێنەوە شەهید نینە؟!).


سەرچاوەکان
*https://www.kutubpdfbook.com/book/%D8%AA%D8%AD%D9%85%D9%8A%D9%84-%D9%83%D8%AA%D8%A7%D8%A8-%D9%84%D9%85%D8%AD%D8%A9-%D8%B9%D8%A7%D9%85%D8%A9-%D8%A5%D9%84%D9%89-%D9%85%D8%B5%D8%B1-%D8%A3-%D8%A8-%D9%83%D9%84%D9%88%D8%AA-%D8%A8%D9%83.html
**بیرەوەرییەکانم/موسا عەنتەر/ لەتورکییەوە محەمەد عزەدین/دەزگای فام٢٠٢١
*** https://alaalam.org/ar/society-and-culture-ar/item/445-622071216