ئەمریکا بەڵێنێكى گرنگ به‌كورد ده‌دات

کوردستان

15/01/2022‌ 8323 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هاوسەرۆکی دەستەی ئابوریی لە"ئیدارەی خۆسەر"ى ڕۆژئاواى كوردستان ئاشكرایده‌كات، ئاژانسی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی USAID بەڵێنیداوه‌ پشتیوانی ئابوریی پێشکەش بەناوچەکانی باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) بکات.


سەلمان بارۆدۆ هاوسەرۆکی دەستەی ئابوریی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان ئاشکرایکرد، لەمیانی دوو کۆبونەوەیاندا لەگەڵ ئاژانسی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی، بەڵێنیانداوه‌ پشتیوانی کەرتی کشتوکاڵی‌و ئابوریی ناوچەکەیان بکەن.

ده‌شڵێت:"پشتیوانیه‌كه‌ بەشێوەیەک ده‌بێت ئاژانسەکە بەڵێنیاندا پشتیوانیکردنی جوڵەى ئابوریی‌و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی ناوچەکە، کاری لەپێشینەی ئاژانسەکە بێت لەڕۆژئاوای کوردستان".

لەوچوارچێوەیەدا پێگەی نۆرس پرێس لەزاری بارۆدۆوە گواستویەتییەوە، ئەو تاقیکردنەوانەی لەسەر ئەو تۆوە کراون کە ئاژانسی ئەمریکی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی پێشکەشی جوتیارانی ڕۆژئاوای کوردستانیان کردوە، بۆ چاندن شیاون‌و هیچ گرفتێکیان تێدا نییە.

پێشتر ئاژانسی USAID بڕێکی زۆری لەتۆوی گەنمی کوالێتی بەرزی پێشکەش بەئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای کوردستان کرد بۆئەوەی بەسەر جوتیارانی ناوچەکەیدا دابەشبکات، بەتایبەت کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا بەهۆی وشکەساڵی‌و چاندنی تۆوی کوالێتی نزمەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی دانەوێڵە لەڕۆژئاوای کوردستان بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردوە.