دەوڵەتی یاسا بژاردەکانی بەردەم "چوارچێوەی هەماهەنگیی" بۆ قۆناغی داهاتوو دیاریده‌كات

عیراق

15/01/2022‌ 2361 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرکردەیەکی سەر بەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتیی نوری مالیکی ئاشكرایده‌كات، ئەگەربێت‌و دادگای فیدراڵی دان بەڕەوایەتیی یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران‌و دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەماندا بنێت، ئەوە "چوارچێوەی هەماهەنگیی" چەندین بژاردەی لەبەردەمدایە لەناویاندا، جه‌ختیشده‌كاته‌وه‌، "کشانەوە لەپڕۆسەی سیاسیی عێراق یه‌كێك له‌بژاردنه‌ به‌هێزه‌كانه‌".


وائیل ڕیکابی سەرکردە لەهاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "لەدوای بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بەیەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران هەموو بژاردەکان لەبەردەم چوارچێوەی هەماهەنگیدا کراوەدەبن، لەناویاندا بون بەئۆپۆزسیۆن بون یان کشانەوە لەپڕۆسەی سیاسیی عێراق یاخود دەستپێکردنی دانوستان لەگەڵ لایەنەکانی تر سەبارەت بەپێکهێنانی حکومەتی داهاتوو".

ڕونیشیکردۆتەوە، هەموو ئەو بژاردانە کەوتونەتەسەر بڕیاری دادگای فیدراڵی سەبارەت بەڕەوایەتیی  دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەران‌و هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەڕلەمان.

بەوتەی ڕیکابی ئەگەرهات‌و دادگای فیدراڵی چوارچێوەی هەماهەنگیی وەک گەورەترین کوتلەی پەڕلەمان دەستنیشانکرد، ئەوە پرسەکە بەئاڕاستەیەکی جیاواز دەڕوات‌و لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی بەئەرێنییەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.

وتوشیەتی:"لەدانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەراندا گەلێک بابەتی جێگای ناکۆکی ڕویاندا، لەناویاندا شەرعیبون یان شەرعینەبونی دانیشتنەکە، کە دادگای فیدراڵی لەدوای ئەو  تانانەی پێشکەشیکراون بڕیاریان لەبارەوە دەدات".