دوێنێ عێراق به‌ڵێنیداو ئه‌مڕۆ بردیه‌سه‌ر

عیراق

22/01/2022‌ 6176 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس - کەرکوک:

دوێنێ حكومه‌تى عێراق بڕیاریدا سه‌ربارى ئه‌و 100 لیتره‌ نه‌وته‌ى پێشتر به‌هاوڵاتیانى سنورى ده‌سه‌ڵاتى حكومه‌تى عێراقیدابوو ئه‌مڕۆ 50 لیتری دیكه‌یان پێبدات به‌هۆى ئه‌و شه‌پۆلى سه‌رمایه‌ى ڕوى له‌وڵات كردوه‌، ئه‌مڕۆ به‌ڵێنه‌كه‌ى برده‌سه‌رو لەکەرکوک دەست بەدابەشکردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ كرا.


پەیامنێری شارپرێس لەکەرکوکه‌وه‌ ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی سەرماو سۆڵەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق بڕیاریدا بەدابەشکردنی بڕی 50 لیتر نەوتی سپی وەکو زیادە بۆ مانگی کانونی دوەمی 2022 بۆ دانیشتووانی پارێزگاکانی (کەرکوک، سەڵاحەدین، دیالەو بەغدا)، ئەمڕۆ بڕیارەکە لەپارێزگای کەرکوک جێبەجێکراو بۆ هەر خێزانێک بڕی 50 لیتر نەوتی سپی بەنرخی 150 دینار بۆ هه‌ر لیترێك دابەشکرا.

په‌یامنێرمان ئه‌وه‌شى ڕونكرده‌وه‌، لەسەرەتای ئەمساڵه‌وه‌ حکومەت دوجار بڕی 100لیتر نەوتی سپی بەکۆبۆنی بەنەوت‌و فۆڕمی خۆراک بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکردوه‌، بەڵام ئێستا لەگەڵ کۆبۆنی نەوت‌و ڕەگەزنامەی باری شارستانی دابەشدەکرێت".

به‌وته‌ى په‌یامنێرى شارپرێس له‌كه‌ركوك، لەمڕۆوە، کار بەپسوڵەی ژمارە 5 دەکرێت کە بڕی 50 لیتر نەوتی سپی پێ دابەشدەکرێت‌و ماوەی کارکردن بەپسوڵەی ژمارە 7 کۆتاییهات کە بڕی 100 لیتر نەوتی سپی پێ دابەشدەکرا.

لەکۆتایی پایزی ساڵی ڕابردوەوە تائێستا حکومەتی عێراق بڕی 200 لیتر نەوتی سپی بەسەر هاوڵاتیاندا دابەشکردوەو چاوەڕواندەکرێت تاکۆتایی ئەم زستانە، نەوتی زیاتر بەسەر هاوڵاتیانیدا دابەشبکات، لەکاتێکدا بەوتەی پەڕلەمانتارێکی کوردستان تائێستا تەنها 25%ى دانیشتوانی هەرێم نەوتی سپییان پێدراوە.