شارپرێس:
پارێزگارى سلێمانى بڕیارێك له‌باره‌ى ده‌وامى سبه‌ینێى فه‌رمانبه‌رانه‌وه ده‌دات‌و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌زگا حكومیه‌كان به‌رده‌وامده‌بن، بەڵام ده‌وامەکەیان گۆڕانكاریی به‌سه‌ردادێت.
به‌گوێره‌ى بڕیاره‌كه‌ى د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى، "دامودەزگا حکومییەکان بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان بەردەوامدەبن لەکاری ڕۆژانەی خۆیاندا".
ئاشكراشیكردوه، "لەبەر نزمبونەوەی زۆری پلەکانی گەرماو دروستبونی ئاستەنگی هاتوچۆ لەهەندێک ناوچەو گەڕەکەکاندا، دەوامی سبەینێی دامودەزگاکان (یەکشەممە 23ی مانگ)، لەسنوری پارێزگای سلێمانیدا لەسەعات 10ی بەیانی دەستپێدەکات بۆ سەعات 2ى پاشنیۆڕۆ".
ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه به‌هۆى بارینى به‌فرێكى زۆره‌وه، ته‌واوى شه‌قام‌و ڕێگه‌وبانه‌كانى سلێمانى به‌ستویه‌تى‌و به‌رده‌وام هاتوچۆ داوا له‌هاوڵاتیان ده‌كات له‌كاته‌كانى به‌یانى زودا ئه‌گه‌ر بۆ كارێكى زۆر پێویست نه‌بێت، جوڵه سه‌ر شه‌قامه‌كان بوه‌ستێنن‌و هاتوچۆ نه‌كه‌ن.
ش.هـ