وەزارەتى داد داوا لە وەزارەتى ناوخۆ دەکات گرێبەستى ئەلیکترۆنى هەڵوەشێنێتەوە

کوردستان

23/01/2022‌ 1727 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم لە نوسراوێکیدا کە ئاڕاستەى وەزارەتی ناوخۆی رایگەیاندوە، گرێبەستی ئەلیکترۆنی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل پێچەوانەی یاسایە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێم بەنوسراوێکی فەرمی بە ژمارە ٢٠/١٩٠ لەبارەی گرێبەستی ئەلیکترۆنییەوە وەڵامی وەزارەتی ناوخۆیی حکومەتی هەرێمی داوەتەوە و تیایدا رایگەیاندوە، کە گرێبەستی ئەلیکترۆنی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل پێچەوانەی بەشی "٥"ی بڕگەی (١)ی یاسای هاتوچۆ ژمارە (٨٦)ی ساڵی ٢٠٠٤ی هەموارکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە کە بەگوێرەی گرێبەستی ئەلیکترۆنی هیچ ڕۆڵێک بۆ بریکارنامە ناهێڵێت و ئەمەش پێچەوانەی دەقی مادەی (٤٦)ە لە یاسای دادنوسی ژمارە (٣٣)ی ساڵی ١٩٩٨ی هەموارکراو.
هەروەها وەزارەتى داد راشیگەیاندوە، کە بڕیاری گرێبەستی ئەلیکترۆنی دژی یاسای شارستانی عێراقی ژمارە ٣٠ی ساڵی ١٩٥١ی هەموارکراوە، کە هەرکەسێک مافی پێدانی بریکارنامەی هەیە بە یەکێکی تر کەکارەکانی یاسایی پێ بکات.
وەزارەتى داد داواشى لە وەزارەتى ناوخۆ کردوە بە پێی یاسا پێداچوونەوە بە رێنمایی گرێبەستی ئەلیکترۆنی بکەن.

لەماوەى رابردوودا وەزارەتى ناوخۆ بڕیاریدا کە بۆ کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێل دەبێت گرێبەستى ئەلیکترۆنى بکەن کە بۆ هەر گرێبەستێک بڕی ١٠٠ دۆلار وەردەگیرێت.