دادگای فیدراڵی جارێکی تر یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکانی تایبەت بەشەرعیەتی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دوادەخات

عیراق

24/01/2022‌ 1419 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەرچەندە وابڕیارە ڕۆژی چوارشه‌ممە ڕێکەوتی 25ی کانونی دوەم، دادگای فیدراڵی لەدانیشتنێکدا پرسی شەرعیبون یان شەرعینەبونی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلایی بکاتەوە، بەڵام پەڕلەمانتارێکی سەربەخۆ پێشبینیده‌كات، چوارشەممە دادگای فیدراڵی یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسە دوابخات.


باسم خەششان پەڕلەمانتاری سەربەخۆی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئەگەری هەیە بۆ دوەمجار دادگای فیدراڵی بڕیاردان لەسەر ڕەوابون یان ناڕەوابونی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمان دوابخات".

ئاماژەی بەوەشکردوە، لەبەر کۆمەڵێک فاکتەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو دانیشتنەو دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمان ئەگەرێکی زۆرە.

خەششان ئه‌وه‌شى وتوه‌، "بەپێی پێدراوەکان، ئەم هەفتەیە دادگای فیدراڵی ئەو پرسە یەکلایی ناکاتەوە، بەڵکو لەبەر ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان کوتلەکان، زیاتر ئەگەری دواخستنی یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکە بۆ کاتێکی تر هەیە".

لەماوەی ڕابردودا، دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمای سکاڵای هەریەک لەباسم خەششان پەرلەمانتاری سەربەخۆو مەحمود مەشهەدانی پەرلەمانتاری سوننە، بڕیاری هەڵپەساردنی کارکردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی دەرکرد تاوەکو لەدانیشتنێکدا بڕیار لەسەر شەرعییبون یان شەرعی نەبونی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران دەدات.

بەپەلە