زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیا بەم نزیکانە کۆتایی بەسەردەمی پاسۆرد رادەگەیەنن

هەمەڕەنگ

13/05/2022‌ 410 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پێدەچێت بەکارهێنانی پاسوۆرد بۆ راستاندنی ناسنامە لە پێگە ئەلیکترۆنییەکان و ئەپەکانی سەر ئامێرە هۆشمەندەکان نزیک بێت لە کۆتایی، ئەویش دوای ئەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆژیا لەناویاندا، گووگڵ و مایکرۆسۆفت لەسەر ڕێگایەکی نوێ بۆ ناساندنی ناسنامە رێککەوتن.

لەماوەی رابردوودا، نووسینی پاسۆورد لەڕێگای دەقەوە بۆ کردنەوەی هەژمارە تایبەتییەکان بەکاردەهات، بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و دەرکەوتنی ڕێگای نوێیی وەک خوێندنەوەی پەنجەمۆر و ناسینەوەی رووخسار وایانکرد سەردەمێکی نوێ بێتە ئاراوە کە هیچ پێویست بە بوونی پاسۆورد نەکات.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکە کە ڕێکخراوی Fido Alliance بڵاویکردۆتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی لەخۆیدا کۆکردۆتەوە دەڵێت: کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆژیا، وەک مایکرۆسۆفت، گووگڵ و ئەپڵ بڕیاریانداوە ڕێگایەکی نوێ و سەلامەت بۆ تەئکیدکردنەوە لە ناسنامە پەیرەو بکەن کە لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئێستای بواری تەکنەۆژیادا بێتەوە.

باسی لەوەشکردووە کە ڕێگا نوێکان راددەی مەترسیی هاککردن و دزینی زانیارییەکانی بەکارهێنەران بەراورد بە ماوەی رابردوو کەمدەکاتەوە.

ئەوەش هاتووە: ڕێگا نوێکانی ناساندنی ناسنامە لەپێناو زیادکردنی سەلامەتیی هەژمارە کەسییەکانی بەکارهێنەران لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بواری تەکنەلۆژیاوە پەرەیان پێدەدرێت و توانای نوێ و بەهێزیان بۆ زیاد دەکرێت، بەراددەیەک  دەتوانرێت بەرپەرچی هەموو جۆرە هەوڵێکی دزەکردنە ناو هەژمارەکان بدرێتەوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی