نرخى مریشك گران ده‌بێت‌و هۆکاره‌كه‌ى ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

16/05/2022‌ 4356 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

گرانبونی نرخی مریشک لەبازاڕەکانی کوردستان، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگەپەلەوەریەکانى هێنایه‌ ده‌نگ‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "هۆکارەکەی بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشی‌و گرانبونی عەلەف‌و جوچک‌و خراپی ڤاکسین دەگه‌ڕێته‌وه‌".


نازم عه‌بدوڵڵا جاف سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەریەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، "نرخی مریشکی زیندوو لەبازاڕەکاندا پەیوەندیی بەبەرهەمهێنانی مریشکەوە هەیە، لەبەرئەوەی هەر لەکڕینی جوچک‌و دەرمان‌و عەلەف‌و گازو پێداویستیەکانی بەخێوکردن گرانبووە، حکومەتیش هیچ هاوکارێک‌و بەدەمەوەهاتنێکی بۆ ئەم کەرتە نییە".

ڕاشیگەیاند، "نەخۆشی نیوکاسڵ‌و گەمبۆرۆ و ئایبی، بڵاوبۆتەوە لە70%ى مریشک‌و جوچکی لەناو هۆڵەکانی بەخێوکردن لەناوبردووە، بەداخەوە بەکارهێنانی ڤاکسین بەهیچ شێوەیەک لەکوردستان کارناکات، ئەو ڤاکسینانەی هەیە لەعێراق‌و کوردستان خراپن، ماوەی دوو ساڵە ئێمە داوادەکەین لەحکومەت کە ڤاکسین دابین بکات بۆمان، چونکە ئەوە ئەمنی قەومیە، هیچ بازرگانێک ناتوانێت دەستی بۆبەرێت بێجگە لەحکومەت دەتوانێت خوێن بگرێت‌و لەڕێگەی سەمپڵەوە بیباتە وڵاتێکی ئەوروپی‌و ڤاکسین دابینبکات پاشان بیفرۆشێتەوە پێمان نەک بەخۆڕایی، بەڵام جێگەی دڵنیایی خاوەن کێڵگەکان بێت".

جاف ئاماژە بەوەشدەکات، "مریشک هێشتا نرخی خۆی دەرناهێنێتەوەو هەر لەزیاندان خاوەن کێڵگەکانیش بەهۆی لەناوچونی مریشک لەهۆڵەکاندا، هەرکیلۆیەک مریشک لەسەر خاوەن پڕۆژەكه‌ 3250 دینار دەکەوێت لەناو هۆڵی بەخێوکردن، وەئەگه‌ر ڕێژەی لە30%ى مریشک بمرێت، ئەوا خاوەن کێڵگە کیلۆی مریشک بدات بەحه‌وت هەزار دیناریش هەر لەزیاندایەو مایەی خۆی ناگرێتەوە".

لەئێستادا گرانبونی نرخی مریشک لەبازاڕەکاندا نیگەرانی هاوڵاتیانی بەدوای خۆیداهێناوه‌.

ش.هـ

بەپەلە