مەلا بەختیار: پارتی و سوننە لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێكناكەون ئەگەر یەكێتی سەرۆك كۆمار نەگۆڕێت

عیراق

23/06/2022‌ 4436 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنى باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەکێتى باس لەوە دەکات دەبێ پارتی و سوننە، لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێكبكەون، كە ئەم رێككەوتنەش روونادات ئەگەر یەكێتی سەرۆك كۆمار نەگۆڕێت، دەشڵێت" كێ‌ پشتیوانی هەرێمایەتی زۆرترە ئەو لایەنە دەتوانن دوا بڕیار بدات"

ئەم وتانەى مەلا بەختیار لەمیانى پێشوازیکردنى بوو لە باڵیۆزی سویسرا لە ئوردن و عێراق و لەدیدارەکەدا سەبارەت بە دۆخی عێراق رایگەیاندوە"هیچ ئومێدێكم نییە كێشە بنەڕەتییەكانی عیراق، كێشەی نێوان شیعە و سوننە، شیعەو شیعە لەنێوان خۆیاندا، كورد و شیعە و سوننە، لەم چەند ساڵانەدا چارەسەر بكرێت، لەبەرئەوەی فاكتەری پاسیفیزم، زۆر زاڵترە بەسەر فاكتەری پۆزەتیزم لەسیاسەتدا. ئەمەش هەڕەشەو مەترسییە بەردەوامەكەیە. بۆیە تەنها چارەسەری كاتی لەعیراقدا بوونی هەیە، نەك چارەسەری بنەڕەتی".

لەبارەى رۆڵ و کاریگەرى ئێران لەسەر دۆخى عێراق مەلا بەختیار ئاماژەى بەوە کردوە، رۆڵی ئێران زۆر گرنگەو هەموو ئەو پرۆسەیەی لەدوای هەڵبژاردن و لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیران گیریخواردووە، لەپشتی پەردە، كاریگەرترین هێز ئێرانە! ئەمەش وایكردووە، ململانێیەكە بكەوێتە نێوان هێزەكانی پرۆ ئێران و هێزەكانی كەمتر لایەندار یان بیلایەن و كەمێك سەربەخۆترن.

هەروەها دەشڵێت"ئەو هێزانەی لەگەڵ ئێران نەبوون، زۆرینەی پەرلەمانیان هەبوو، بەڵام نەیانتوانی حكومەت پێكبهێنن (صەدرییەكان، سوننەكان، پارتییەكان). ئەمەش بۆ؟ لەبەرئەوەی ئەم وڵاتە دیموكراسی نییەو بەزۆرینەو كەمینە نییە! بەڵكو كێ‌ پشتیوانی هەرێمایەتی زۆرترە، ئەو لایەن و هێزانە دەتوانن دوا بڕیار بدەن".

سەبارەت بە پێکهێنانى حکومەتی نویی عێراقیش ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتى روونیکردەوە، لەئێستادا یان دەبێ‌ پارتی و سوننە، لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێكبكەون، كە ئەم رێككەوتنەش روونادات ئەگەر یەكێتی سەرۆك كۆمار نەگۆڕێت، بەڵام ئەگەر سەرۆك كۆمار گۆڕا، ئەوا پارتی رێككدەكەوێت، كە پارتیش لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێككەوت، ئەوا سوننەكانیش رێكدەكەون.

هەر لە قسەکانیدا لەبارەى حکومەتی عێراقەوە، ناوبراو باسى لەوە کرد، ئەگەر پارتی و سوننەكان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی رێكنەكەون و سەرۆك كۆمار نەگۆڕدرێت، چی روودەدات، لەم ئەگەرەشدا، خۆپیشاندانی گەورە دەستپێدەكات، هەر كاتێكیش خۆپیشاندان دەستپێكرد، ئەوا ئەگەری شەڕی ئەهلیش دێتە پێشەوە! چونكە (سەرایا سەلام) كە هێزی چەكداری صەدرە، دەگوترێ‌ (100) هەزار چەكداریان هەیە.