شارپرێس:
لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بەوەدەکەن، لەسەدا 7ی ئافرەتانی دووگیان لەماوەی دووگیانییەکەیاندا تووشی خەمۆکیی دەبن، ڕێژەکەش لەوڵاتانی کەم داهاتو داهات مامناوەنددا بەرزترە.
خەم و دڵەڕاوکێش بریتییە لەتێکچوونێکی میزاجیی کە دەبێتە هۆی ئەوەی ئافرەتەکە بەردەوام هەست بەخەم بکاتو توانای گرنگیی پێدانی لەدەستبدات، واتە زیاتر لەو تێکچوونە مەزاجییەی بەگشتیی لەناو خەڵکدا هەیە.
لەو چوارچێوەیەشدا لێکۆڵینەوەیەکی نوێی پزیشکیی ئەوەی سەلماندووە کە زیادبوونی خەمۆکییو دڵەڕاوکێی دایک لەکاتی دووگیانیدا کاریگەریی نەرێنیی دەبێت لەسەر گۆڕینی خەسڵەتە سەرەکییەکانی مێشکی کۆرپەلە، بەشێوەیەک لەتەمەنی 18 مانگییەوە گەشەی زانینەکیی منداڵەکە لاوازدەکات.
ئەو لێکۆڵینەوەیە کە تۆڕی پزیشکیی "گاما" بڵاویکردۆتەوەو لەنەخۆشخانەی نیشتیمانیی منداڵان لەویلایەتی میشیگانی ئەمریکا ئەنجامدراوە دەڵێت:"گوشاری دەروونیی بەردەوامیش لەدوای لەدایکبوونی منداڵ، کاریگەریی دەبێت لەسەر کاردانەوەی نێوان دایکو کۆرپەکەی".
ئەوەش هاتووە، "گوشارە دەروونییەکانی وەک خەمۆکییو دڵەڕاوکێ لەکاتی دووگیانیدا کاریگەریی لەسەر مێشکی کۆرپەلە دەبێت، ئەمەش بەشێوەیەکی نەرێنیی ڕەنگدانەوەی لەسەر ڕەفتارەکانی منداڵەکە لەدووساڵی یەکەمی تەمەنیدا دەبێت".
لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، تەنانەت سەبارەت بەو ئافرەتانەی کە دۆخی داراییو کۆمەڵایەتییشیان زۆرباشە، ئەوە گرفتە دەروونییەکان کاردەکاتە سەر گۆڕانکاریی لەپێکهاتەو زیندە کیمیایی مێشکی کۆرپەلە.
و: ئاکۆ ئاڵی