ئێران ڕاپۆرتی مردنی ژینا بڵاودەکاتەوەو بەرپرسێکیشی لەکارکردن ڕاگرت

کوردستان

22/09/2022‌ 4630 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئاژانسی فەرمى ئێران لەزارى مەهدی فروزش بەڕێوەبەری گشتی پزیشکی دادی تارانەوە ئاشكرایكرد، دۆزینەوەی هۆکاری گیانلەدەستدانی مەهسا ئەمینی پێویستی بەکاتی زیاترە، ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "بەڵام پشکنینی ڕواڵەتی تەرمی کۆچکردو نیشانیدەدات بەهیچ شێوەیەک لێینەدراوەو هیچ ئاسەوارێکی پێوەنییە".


بەپێی ئاژانسى هەواڵی میهر، ئێران لیژنەیەکى بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان سەبارەت بەگیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ پێکهێناوە کە بەمزوانە ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی بڵاودەکاتەوە.

پێشتر ڕۆژنامەى "هەمشەهرى" ئێران بڵاویکردەوە، بەفەرمانی سەردار ڕەحیمی فەرماندەی پۆلیسی گەورەى تاران‌، عەقید میرزایی بەرپرسی پۆلیسی ئاسایشی ئەخلاقی تاران، تا لێکۆڵینەوەی وردو تەواو لەڕەهەندەکانی گیانلەدەستدانى ژینا ئەمینى دەکرێت، ناوبراو لەکارەکەی دورخراوەتەوە.

سەردار ڕەحیمی لەکۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتى:"لەبنکەی پۆلیسی ئەخلاقیدا هیچ شتێک بەناوی دەستبەسەرکردن نییەو هاوکارانی ڕاوێژکار لەهۆڵێکدا قسە بۆ ئەو خانمانە دەکەن کە لەبەر جلوبەرگی بێ حیجاب بانگکراونەتە بنکەکەو ڕێنوێنییان دەکەن کە دەبێ یاسای وڵات لەبەرچاو بگرن".

بەپەلە