شارپرێس:
تێگەیشتنێک لای بەشێکی زۆری خەڵک هەیە بەوە شوێنە جیاوازەکانی ژانەسەر ئاماژەیە بۆ توشبون بەنەخۆشییەکی ئۆرگانیی دیاریکراو، بەڵام ئەنجومەنی تەندروستیی کەنداو لەبابەتێکدا کە لەهەژماری تایبەتی خۆی لەئینستاگرام بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو تێگەیشتنە هەڵەیە.
بۆ نمونە، هەندێک کەس پێیانوایە ئازاری بەشی پێشەوەی سەر مانای وایە کەسەکە نەخۆشییەکی گوازراوەو کێشەیەکی لەکۆئەندامی هەرسیدا هەیە، بەڵام ئەنجومەنەکە دەڵێت، "ژانەسەر بەتەنها ئاماژەنییە بۆ بونی نەخۆشییەکی دیاریکراو".
هەروەک ناکرێت هیچ نەخۆشییەکی گوازراوە تەنها لەڕێگهی شوێنی ژانەسەرەکەوە دەستنیشان بکرێت، بێئەوەی هیچ نیشانەو ئاماژەی تری لەگەڵدا بێت.
لەبەرئەوە گرنگە لەکاتی هەستکردن بەژانەسەرێکی توند، تەنانەت دوای خواردنی حەبی ئازارشکێنیش، سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێتو پشکنینی پزیشکی ئەنجامبدرێت، بەمەبەستی دەستنیشانکردنی وردی حاڵەتەکە.
ئەگەر بەدەست سەرئێشەیەکی بەردەوامیشەوە دەناڵێنیتو لەهەندێک کاتدا ئازارەکەی ناشکێت، ئەوە ڕەنگە چەند فاکتەرێک لەپشتییەوە بێت، کە دیارترینیان بریتیین لە:
ـ کەمخوێنی.
ـ تێکچونی سیستەمی خەو.
ـ بونی کێشە لەهۆڕمۆنەکاندا.
ـ کێشەی گیرفانەکانی لوت.
ـ دڵەڕاوکێو شڵەژانی دەرونیی.
ـ لاوازی بینین.
و: ئاکۆ ئاڵی