پسپۆڕان: سیستەمی خۆراکیی "کیتۆ" زیان بەگورچیلەکان دەگەیەنێت

تەندروستی

22/10/2022‌ 2691 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

د.عیسمەت گالیمۆڤ پسپۆڕی بواری نەخۆشییەکانی کۆئەندامی میزەڕۆ دەڵێت؛ پەیڕەوکردنی سیستەمێکی خۆراکیی دەوڵەمەند بەپڕۆتین، مەترسیی دروستبونی بەردی گورچیلە زیاد دەکات‌و لێکەوتەی تەندروستیی تریشی لەسەر ئەو ئەندامەی جەستە دەبێت.

ئەو پسپۆڕە بەپێگەی "گازێتا ڕو"ی ڕوسی وتوە، لەدەستدانی کێشی جەستەو دەستبەرداربون لەخواردنی چەورییەکان، وادەکەن هەردووک گورچیلە یان یەکێکیان لەشوێنی سروشتیی خۆی بجوڵێت.

بەوتەی ئەو، دایتی کیتۆ کە ئێستا زۆر ناوبانگی پەیداکردوەو دەوڵەمەندە بەپڕۆتینەکان، بارگرانییەکی زۆر لەسەر گورچیلەکان دروستدەکات‌و مەترسیی دروستبونی بەردو لەدەستدانیان زیاتر دەکات.

هەروەک وتویەتی:"نابێت بێ پرسی پزیشک‌و بۆ ماوەیەکی زۆر دەرمانە میزهێنەرەکان بەمەبەستی دابەزاندنی کێشی جەستە بخورێن، لەبەرئەوەی کاریگەریی مەترسیداری لەسەر گورچیلەکان هەیەو توشی پەککەوتی درێژخایەنیان دەکات، هەروەک چۆن خواردنی بڕێکی زۆر لەکافایین، قورسایی لەسەر شانەکانی گورچیلە دروستدەکات".

و: ئاکۆ ئاڵی