پسپۆڕان: بەهۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرمای جیهانەوە مەترسیی بۆ بواری فڕۆکەوانی مەدەنیی دروستدەبێت

هەمەڕەنگ

05/11/2022‌ 413 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریکی، شارەزاو پسپۆڕان پێیانوایە، بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما لەسەر هەسارەی زەویی دەبێتە هۆی ئەوەی کە فڕۆکە مەدەنییەکان لەزۆرێک لەفڕۆکەخانەکانی جیهاندا بەئاستەم بتوانن هەڵبفڕن، ئەمەش تەحەدایەکی نوێ بۆ بواری فڕۆکەوانی مەدەنیی لەجیهاندا دروستدەکات.


تۆڕەکە لەزاری پرۆفیسۆر پاوڵ ویلیامز مامۆستای زانستەکانی بەرگەهەوا لەزانکۆی ڕیدینگ لەبەریتانیا گواستویەتییەوە کە وتویەتی:"ئەو تەحەدا سەرەکییەی کە ڕوبەڕوی هەر فڕۆکەیەک دەبێتەوە لەکاتی هەڵفڕیندا ئەوەیە کە فڕۆکەکان زۆر قورسن، بەڵام هێزی کێشکردن دەیەوێت لەسەر زەوی بیهێڵێتەوە،  بۆ ئەوەشی زاڵبێت بەسەر هێزی کێشکردنی زەوییدا، دەبێت هێزی بەرزکردنەوە هەبێت، کە ئەو بەرگە هەوایەیە کە فڕۆکەکە پاڵ دەنێتە سەرەوە".

هەروەک وتویەتی:"بەرزکردنەوەکە پەیوەستە بەچەند هۆکارێکەوە، بەڵام گرنگترینیان پلەی گەرمی هەوایە، لەگەڵ بەرزبونەوەی پلەی گەرمای زەویی، هەوا زیاتر دەکشێت، بەوەش ژمارەی ئەو گەردیلانەی بۆ پاڵنانی فڕۆکەکە بەردەستن کەمدەبێتەوە".

ویلیام ڕونیکردۆتەوە، لەگەڵ هەر بەرزبونەوەیەکی پلەی گەرمی بەڕێژەی 3 پلەی سەدی، فڕۆکەکان بەڕێژەی 1% هێزی بەرزبونەوەیان  بۆ ئاسمان کەمدەبێتەوە، هەر ئەمەشە وادەکات بەرزبونەوەی پلەی گەرمی زۆر ئاستەنگ بۆ فڕینی فڕۆکەکان دروستبکات، تەنانەت لەهەندێک کەشو هەوادا فڕینی ئەو فڕۆکانە ئاستەم دەبێت.

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەکردوە، ئەو کێشەیە بەشێوەیەکی تایبەت کاریگەریی لەسەر ئەو فڕۆکەخانانە هەیە کە لەبه‌رزاییەکی زۆردان کە هەوایان سوکترەو ڕێڕەوێکی فڕینی کورتیان هەیە، ئەمەش وادەکات بوارێکی کەم بۆ فڕۆکەکە بهێڵێتەوە خێراییەکەی زیادبکات.