کفری .. بێنازترین شاری کوردستان

ڕاپۆرت

20/11/2022‌ 1134 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس
قەزایەکی دێرینی کوردستانە و دەکەوێتە ناوچەی گەرمیانەوە،زیاتر لە 100 ساڵە کراوە بە قەزا و دانیشتوانەکەی نزیکەی 24 هەزار کەس دەبێت، بەشێک لە خاکەکەی سەر بە هەرێمی کوردستانە و بەشەکەی دیکەش سەر بە حکومەتی عێراق و لە چوارچێوەی ماددەی 140دایە.

بەهۆی گرنگی پێنەدان و خزمەتنەکردنی قەزای کفری، دانیشتوانەکەی خەریکە چۆڵی دەکەن و کوچە و کۆڵان و بازاڕی ئەم شارە لە سەری نوسراوە بۆ فرۆشتن.

خەڵکی شارەکە دەڵێن "نرخی خانوو زەوی لە قەزای کفری لە هەر شارێکی دیکە هەرزانترە، محەمەد پیاوێکی کاسبە و بەڕەچەڵەک خەڵکی کفریە، ئەو دەڵێت هەموومان ئەم شارەمان خۆش دەوێت، بەڵام ئەوە ڕاستیە کە کفری بۆ ژیانکردنی ئەم سەردەمە ناگونجێت، چونکە نە جوڵەی بازرگانی نە هەلی کار نە زانکۆ نە خزمەتگوزاری لێرە بوونی نیە، بۆیە منیش بڕیارم داوە خانووەکەم بە نیوەی نرخەکە خۆی بفرۆشم لێرە بڕۆم.

"بەهۆی شەڕ و نائارامی ناوچەکەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ئاوارەکانی کەرکوک، دوزخورماتوو، پارێزگای سەڵاحەدین هاتنە قەزای کفری، ئەو ئاوارانە زۆربەیان لەو شارە مانەوە، لەگەڵ کۆچکردنی خەڵکە ڕەسەنەکەی کفری ئەوان دەهاتنە شوێنی، بۆیە لە ئێستادا وا لێکدەدرێتەوە کە کفری خەریکە لە ڕووی دیموگرافیاوە دەگۆڕدرێت ئەوەش بە مەترسی ناودەبرێت. دەە دەکانداری قەزاکە وایان وت.

شەماڵ ڕەوف، چالاکوان پێیوایو "گەنجانی ئەم شارە هەموویان بێزارن، چونکە بێکارییەکی زۆر لە شارەکەدا بوونی هەیە، هەریەکەیان گلەیی و گازندەیان هەیە لەو کار بەدەستانەی کفری-یان بەم جۆرە پەراوێزخستووە.

شەماڵ نامیق، قایمقامی قەزای کفری دەڵێت "قەزای کفری دەوڵەمەندە بە شوێنەوار چەندین بازاڕ و شوینی دێرینی هەیە، بەڵام ئەوانیش وەکو زۆربەی سێکتەرەکانی دیکە پەراوێزخراون و لە لێواری لە ناوچوندان، خەریکە مێژووەکەی لە ناو دەچێت.

چارەنوس و مانەوەی ئەم شارە پەیوەستە بە گەیاندنی خزمەتگوزاری و جێبەجێکردنی داخوازییەکانی دانیشتوانەکەی، چونکە ئەگەر حکومەت گوێی دابخات لە ئاست داواکاریەکانی قەزاکە، ئەوا ڕەنگە لە داهاتوودا کفری چارەنوسێکی دیکەی هەبیت.


بەپەلە