تورکیا لە ئامەد دەستی بە ڕەشبگیریی کرد

کوردستان

23/11/2022‌ 602 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزە ئەمنییەکانی تورکیا 47 هاوڵاتی کوردیان لە شاری ئامەد دەستگیرکرد بەهۆی ئەوەی بەشدارییان لەگردبوونەوەیەکی نارەزایەتیی دژ بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کردبوو.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردۆتەوە کە هێزە ئەمنییەکانی تورکیا دەستیان کردووە بەدەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بەشدارییان لە گردبوونەوەی نارەزایەتیی دژ بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کردووە، کە ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتۆتە 47 کەس لەناویاندا زیاد جەیلان و خاتوو سیڤاڵ گۆڵمازی هاسەرۆکانی لقی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە ئامەد.
دوێنێ سێشەممە، دەیان کەس لە هاوڵاتیانی شاری ئامەد و پەڕلەمانتار و ئەندام و لایەنگرانی هەدەپە لە شارۆچکەی یەنی شەهیری سەر بە ئامەد گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان دژ بە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر باشوور و رۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا، بەڵام هێزەکانی پۆلیس هەوڵیاندا بەزەبری هێز بڵاوە بە بەشداربووانی گربوونەوەکە بکەن و ڕێگرییان لێکردن کۆنگرەی رۆژنامەوانیی ئەنجام بدەن.
لە 20ی ئەم مانگەوە تورکیا لەڕێگای دەیان فڕۆکەی جەنگیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە دەستیکردووە بە هێرشەکردنە سەر ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان، کە بەهۆیەوە دەیان کەس بوونەتە قوربانیی، سەرۆکی تورکیاش لەنوێترین لێدوانیدا رایگەیاند کە ئەگەری هەیە هێرشی وشکانیش بکەنە سەر رۆژئاوای کوردستان.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی