لەماوەی یەکە هەفتەدا زیاتر لە 55 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون

کوردستان

23/11/2022‌ 204 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی راپۆرتێکی ڕێکخراوێکی بواری مافی مافی مرۆڤ لە ئێران لەوەتەی خۆپیشاندان و نارەزایەتییەکانی خەڵکی شارەکانی ئێران دەستیانپێکردووە، زیاتر لە 416 کەس لەسەرانسەری ئه‌و وڵاتە لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکان کوژراون، بەشێوەیەک تەنیا لەهەفتەی رابردوودا زیاتر لە 70 کەس کوژراون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو کە بارەگای سەرەکیی لە ئۆسڵۆی پایتەختی نەرویجە لەدوایین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوەکردووە کە لەماوەی هەفتەی رابردوودا 72 کەس لەسەرانسەری ئێران لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون، کە لەو ژمارەیەدا 56 کەسیان لەناوچە کوردنشینەکانی ئێران بووە.
ئەو ڕێکخراوە کە گرنگیی بە دیکۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتیی دەدات، هێزە ئەمنییەکانی ئێرانی تۆمەتبار کردووە بەوەی بەشێوەیەکی راستەوخۆ تەقە لە خۆپیشاندەرانی مەدەنیی دەکەن و ناوچەکانی نیشتەجێبوونی هاوڵاتیان بۆردوومان دەکەن.
لەراپۆرتەکەی هەنگاودا هاتووە: هەفتەی رابردوو لەشاری جوانڕۆ پێنج کەس لەسەر دەستی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون، ئەویش دوای ئەوەی هەزاران کەس بۆ ناشتنی چەند قوربانییەکی خۆپیشاندانەکان گردبوونەوە، هەروەک لەو ماوەیەدا لە نۆ شاری تری کوردنشیندا 42 هاوڵاتی تری کورد بە فیشەکی راستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان کوژراون.
هەنگاو گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا خۆپیشاندەران هەوڵدەدەن بە چەقۆ پارچەی گولە لە جەستەی خۆپیشاندەرێک دەربهێنن، دەشڵێت، خەڵک لە ترسی دەستگیرکردن ناوێران بۆ چارەسەرکردن بچنە نەخۆشخانەکان.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی